بە مەرج رێگا دەدرێت رێورەسمی نەورۆز لە کەرکووک بەڕێوەبچێت
دیجیتاڵ میدیای سپێده
پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت، راکان سەعید جبووری رەزامەندی نیشان دا لەسەر ئەوەی رێورەسمی نەورۆز لە کەرکووک بەڕێوەبچێت، بەڵام بەمەرجی ئەوەی دروشمە نەتەوەییەکان بەرز نەکرێتەوە.
بەپێی نووسراوێکی نووسینگەی پارێزگاری کەرکووک کە ئاراستەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کراوە تیایدا ھاتووە "بەبۆنەی جەژنی نەورۆز پیرۆزبایی لە گەلی کوردی رەسەن دەکەین، ئێوە ئاگادار دەکەینەوە کە رەزامەندی نیشاندراوە، لەوەی رۆژی ٢٠ی ئادارای ٢٠٢٢، رێورەسمی جەژنی نەورۆز لە کاتژمێر چواری ئێوارە تا حەوتی ئێوارە بەڕێوەبچێت و ھێزە ئەمنییەکانیش ئەرکی پاراستنی ئاسایشی بەشداربوونی رێورەسمەکە لە ئەستۆ دەگرن، بەڵام بەو مەرجەی دروشمە نەتەوەییەکان بەرز نەکرێتەوە و ھیچ چالاکییەکیش ئەنجام نەدرێت کە ببێتە ھۆی تێکدانی برایەتیی نێوان پێکھاتەکانی شارەکە".
دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، چالاکییەکانی تایبەت بە جەژنی نەورۆز لە شاری کەرکووک، بەشێوەیەک سنووردراوە کراوە کە بۆ چەند کاتژمێرێک بەڕێوەدەچێت و ئەوەیش نیگەرانی لای ھاووڵاتییانی کوردی شارەکە دروست کردووە.