هەواڵی کوردستان ئێستا

ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوو: لە هەرێم و بەغداوە جارێکی تر ستەم له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ كراوه‌

ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوو: لە هەرێم و بەغداوە جارێکی تر ستەم له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ كراوه‌
ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوو: لە هەرێم و بەغداوە جارێکی تر ستەم له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ كراوه‌

2022-03-15 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی له‌ ساڵیادی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌یانامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند،پارێزگای هەڵەبجە ، وێڕای ئەو کارەساتە نیشتیمانییە کە دەبوو زۆرترین قەرەبووی ژیانی و ئاوەدانی بەرکەوێ ، کەچی بەشی شێری لە نادادی و نەبوونی بەرکەوتووە ، لە هەرێم و بەغداوە جارێکی تر ستەمی لێ کراوە و دەکرێ.

ده‌قی به‌یانامه‌كه‌:

بسم الله الرحمن الرحيم

خەڵکی خۆشەویستی هەڵەبجە

جەماوەری بەشەرەفی کوردستان

وا ئەمساڵیش ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە ، برینی نەتەوەیی و نیشتیمانی کورد و کوردستان سوێ دەکاتەوە و، یادگەی کۆمەڵایەتیمان دەباتەوە ناو دیمەنە ناخ هەژێن و دڵ سوتێنەرەکانی هەڵوەرینی رۆحی بێتاوانی زیاتر لە پێنج هەزار پەپولەی نیشتیمان .

ئەمساڵیش لە ناو قەیرانە سەخت و قورسەکانی هەرێمدا ئەم یادە دەکەینەوە ، کە بەداخەوە حوکمڕانی نادروست و نادادگەر ژیانی تاکەکانی دووچاری برسێتی و هەژاری و بێکاری و بێمووچەیی و ناسەقامگیری سیاسی و نەبوونی خزمەتگوزاری کردۆتەوە و هیچ ئاسۆیەکی روون دیار نییە بۆ چارەسەر و گەیشتن بە کەناری ئارامی .

پارێزگای هەڵەبجە ، وێڕای ئەو کارەساتە نیشتیمانییە کە دەبوو زۆرترین قەرەبووی ژیانی و ئاوەدانی بەرکەوێ ، کەچی بەشی شێری لە نادادی و نەبوونی بەرکەوتووە ، لە هەرێم و بەغداوە جارێکی تر ستەمی لێ کراوە و دەکرێ .

بایکۆتی بنەماڵەی شەهیدان بۆ ئەم یادە نیشتیمانییە ، نامەیەکی کراوەی ناڕەزایەتییە بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم کە هەڵەبجەیان کردۆتە قوربانی ململانێی نادروستی سیاسی و ئیداری نێوان خۆیان .

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان داواکارە چیتر هەڵەبجە و برینەکانی کەسوکاری قوربانییەکان فەرامۆش نەکرێت و هەرچی خێرا و زووە بڕیارەکانی پێشکەوتن و سەرپێ کەوتنی تەواو بکرێت :

1- جێبەجێکردنی خێرای ئەو پرۆژانەی بڕیاریان لەسەر دراوە و حکومەتی هەرێم چەندین ساڵە بێ پاساو رایگرتوون .

2- ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق بەرپرسیاریەتی مێژویی لە ئەستۆ بگرێت و دەست بکات بە تەواو کردنی هەنگاوەکانی بە پارێزگا بوونی هەڵەبجە .

3- حکومەتی فیدڕاڵی بڕیار لەسەر دابینکردنی خزمەتگوزاری ستراتیژی بدات بۆ بنیاتنانی ژێرخانی ژیانی و ئیداری و ئاوەدانی تەواوی پارێزگاکە.

4 - قەرەبووی تەواوی کەسوکاری شەهیدان و بەدەمەوەبونی بریندارانی چەکی کیمیایی .

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ، وەک هەمیشە لە رێگای نوێنەرەکانی لە پەرلەمانی هەرێم و عێڕاق داکۆکیکار و بەرگریکار و پارێزەری دڵسۆز و راستەقینەی هەڵەبجە و خەڵکە خۆڕاگرەکەی بوون و دەبن .

دروود و رەحمەتی خوا بۆ گیانی شەهیدان ، دوعاخوازین خوای گەورە قوربانیەکان بە بەهەشت شاد کات و شیفای خێریش بۆ بریندارەکان بنێرێ .

لە کۆتاییدا داواکارین کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێکارەکانی بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی چەکی کۆکوژ توندوتۆڵتر بکات و بەکارهێنەرانیشی بە قورسترین شێوە سزابدات بۆئەوەی جارێکی تر کارەساتەکانی هێرۆشیما و ناکازاکی و هەڵەبجە دووبارە نەبنەوە .

ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان .