حەلبوسی: داوا دەکەین پەلە بکرێت لە یەکلاییکردنەوەی رێوشوێنەکانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی داوای کرد پەلە بکرێت لە یەکلاییکردنەوەی رێوشوێنی پێویست بۆ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە.
محەمەد حەلبوسی لە ٣٤ههمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بە هەردوو زمانی عەرەبی و کوردی پەیامێکی بڵاوکردەوە.
وەک رێزێک بۆ قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە و کەسوکاری قوربانیان، لە ١٣ی ئاداری ٢٠١٤دا، بڕیاری بەپارێزگابوونی هەڵەبجە وەک چوارەم پارێزگای هەرێمی کوردستان لەلایەن سەرۆکی ئەوکاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی واژوو کرا و لە ١ی حوزەیرانی ٢٠١٤دا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی وەک ١٩مین پارێزگای عێراق پەسەندکرد، و لە ١٧ی ئاداری ٢٠٢١دا ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەنگی دا لەسەر بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە، بەڵام تا ئێستا رێکارەکانی بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە، تەواو نەکراوە.
لەوبارەیەوە، محەمەد حەلبوسی رایگەیاندووە: "لەم یادەدا داوا دەکەین پەلە بکرێت لە یەکلایی کردنەوەی رێوشوێنی پێویست بۆ بوونی بە پارێزگا وەک رێزێک بۆ شەهیدان و دانیشتوانەکەی".
پێشتر و هەر ٣٤ههمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی رایگەیاندبوو، ئەگەرچی چەند ساڵێکە ھەڵەبجە لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بووەتە پارێزگا، بەڵام بەداخەوە تا ئێستاش، حکوومەتی فیدراڵیی لە ئاستی پێویستدا وەک پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ ھەڵەبجەدا ناکات و رێکارەکانی بەپارێزگابوونی، کێشە و ئاستەنگی بۆ دروست دەکرێت.
هاوکات سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بۆ ٣٤ههمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە پەیامێکی بڵاوکردبووە و تیایدا رایگەیاندبوو: "ھەڵەبجە شایستەی ئەوەیە رێکارەکانی بەپارێزگابوونی وەک رێزلێنانێک لە قوربانییەکانی تەواو بکرێت و ھەوڵی بەدیھێنانی ئەوەش دەدەین".