لەگەڵ ڕووداوەکاندا: زامی 34 ساڵەی هەڵەبجە
2022-03-17 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
هەڵەبجە زامێکی تەمەن 34 ساڵە و وەک هەڵەبجەییەکان دەڵێن شتێکی ئەوتۆی بۆ نەکراوە تا بگوترێت هەر هیچ نەبێت هەنگاوێک بە ئاڕاستەی ساڕێژکردنی برینەکانیدا نراوە. هەڵەبجە هەموو ساڵێک یاد دەکرێتەوە، هەموو ساڵێک ژمارەیەک دروشمی باقوبریقەدار بە شکۆی هەڵەبجەی هەناسە سواردا هەڵدەواسرێت و ڕۆژی 16 ی مانگی 3ی هەموو ساڵێکیش، دیمەنەکانی زامی هەڵەبجە جارێکی تر دەکولێنەوە بەهۆی پەستانی ئەو هەموو پەیمانە جێبەجێنەکراوانەی پێی دەدەن. زۆرێک هەن هەوڵدەدەن هەڵەبجە بکەنە دۆسێیەکی نێونەتەوەیی، لە کاتێکدا هێشتا لە بەرنامەکانی خوێندن و پەروەدەی ناوخۆی وڵاتەکەدا نەبۆتە بابەتێک تا نەوە لە دوای نەوە پێی ئاشنا بن. میوانی بەرنامە: مەم بورهان قانع، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق لەبری ئەوەی هەڵەبجە بکرێتە هێمایەکی تۆکمە بۆ پێکەوە ژیان و بۆ ئاشتی، لەبری ئەوەی هەڵەبجە بکرێتە سیمبۆلێکی پیرۆز بۆ ئەو هەوڵانەی دەدرێن لە پێناو قەدەغەکردنی هەموو جۆرە چەکە کۆمەڵکوژییەکاندا، کەچی هێشتا ئەم شارە بۆنی ژەهری لێ نەبڕاوە و هەر ڕۆژەی هەنارێکی تری باخی گوڵان دەکەوێتە سەر زەوی و هەر ڕۆژەی هەناسەیەکی تری هەڵەبجە هەڵدەوەرێت و هەر ڕۆژەش بەدەست خەم و مەراقێکی ترەوە کە بەرۆکی ئەم بوکەی شارەزوریان گرتووە، کەروێشکەی گوڵە گەنمەکانی لاوازتر دەبن. ئایا هەڵەبجە چیی دەوێت؟ هەڵەبجە، نەک هەر جەستە زامدارەکەی پێویستی بە ساڕێژ هەیە، بەڵکو سایکۆلۆژیا و ژینگە و کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتی هەڵەبجە و ژێرخان و سیمای شار، هەتا چاو بڕکات پێویستیان بە کار لەسەر کردنە، نەک هەر تەنها پەیمان پێدان. ئەوەی ڕۆژی چوارشەممە، 16ی مانگی 3 لە هەڵەبجە بینرا، بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە بۆ هەروادێ و گەورەتربوونی کەلێنی نێوان دانیشتوانی هەڵەبجە و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان. لە شاری هەڵەبجە دوو مەڕاسیمی یادکردنەوەی 34ەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە بەڕێوەبرا. کەسوکاری قوربانیانی هەڵەبجە لە شوێنێک و فەرمانڕەوایانی حکومەتیش لە لایەکی تر و بە جیا 2 مەڕاسیمی ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەیان کرد. مەم بورهان قانع، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق، وەڵامی پرسیارەکانی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا دەداتەوە.