ئێران هەڕەشەی دووبارە موشەكبارانكردنی هەرێمی كوردستان دەكات
دیجیتاڵ میدیای سپێده
بە دووبارەكردنەوەی تۆمەتی بوونی بنكەی ئیسرائیل، ئەمڕۆ هەینی ئێران هەڕەشەی دووبارە موشەكبارانكردنی هەرێمی كوردستان كرد.
لەوبارەیەوە وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران، رەمەزان شەریفی لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند:"ئەگەر بەرپرسانی هەرێمی كوردستان ئەو چەند بنكە ئیسرائیلە دانەخەن،ئەوە هێرشەكانمان دووبارە دەكەینەوە".
ئەمەش لە كاتێكدایە 13ی ئەم مانگە سوپای پاسداران بە تۆمەتی بوونی بنكەی ئیسرائیل، هێرشی موشەكەی كردە سەر هەولێر،بەڵام مووشەكەكان خانووی كەسانی سڤیلیان كردە ئامانج، لەوانەش خانووی شێخ باز كەریم، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای كار گرووپ.
هێرشەكە لەسەر ئاستی ناوخۆ ودەرەوە ئیدانە كرا،هەریەك لە ئەمریكا و وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەكگرتووەكان داوایانكرد لە ئەنجوومەنی ئاسایشی كۆببێتەوە وئیدانەی هێرشەكە بكات.