وەزیری دەرەوەی رووسیا:زیاتر لە پێنج هەزار بڕیاری سەپاندنی سزا دژمان دراوە
دیجیتاڵ میدیای سپێده
وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ ئاشکرای کرد کە وڵاتانی خۆرئاوا زیاتر لە پێنج هەزار بڕیاری سەپاندنی سزایان دژبە رووسیا داوە و گوتی: "فشاری سزاکان بەردەوامی دەبێت".
سێرگی لاڤرۆڤ لە میانی چاوپێکەوتنێکیدا لە دەزگای میدیایی (Russia Today) هەڵسەنگاندنی بۆ سزا سەپێنراوەکانی سەر وڵاتەکەی و پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و وڵاتانی خۆرئاوا کرد.
وەزیری دەرەوەی رووسیا لەبارەی سزا سەپێنراوەکانەوە گوتی: "زیاتر لە پێنج هەزار بڕیاری سەپاندنی سزا دژبە رووسیا دراوە کە ئەمەش دوو هێندەی ژمارەی سزا سەپێنراوەکانی سەر کۆریای باکوور و ئێران-ە".
سێرگی لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوە دا، پێشبنی دەکەن سزاکانی سەر رووسیا لەلایەن وڵاتانی خۆرئاوا بەرفراوانتر بکرێت و گوتی: "فشاری سزاکان بەردەوامی دەبێت. لەئێستادا ئەورووپا هەڕەشەی شەپۆلی پێنجەمی سزاکان لە رووسیا دەکات، بەڵام ئەوە بەلای رووسیاوە گرنگ نییە. هەموو کات سزاکان بەهێزترمان دەکەن".
وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ ئەوەیشی خستەڕوو کە لە بەرامبەر رووبەڕووبوونەوەی سزاکان لە کەرتی ئابووریدا ئامادەکاری پێویست کراوە و بەگوێرەی ئەو بارودۆخەی هەیە هەنگاو دەنرێت و گوتیشی: "متمانەمان بە هاوپەیمانانمان لە خۆرئاوا نەماوە و لەمەودوا دەتوانین تەنیا متمانە بەخۆمان بکەین".
- "دەرگاکانمان بەڕووی وڵاتانی خۆرئاوا داناخەین"
وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوە کرد دەستبەداری هاوکاری و دانوستانەکان نابن لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاوا و گوتیشی: "ئەگەر ئەوان دەرگاکان بەڕووشماندا دابخەن، ئێمە دەرگا بەڕووی وڵاتانی خۆرئاوا داناخەین".
سێرگی لاڤرۆڤ ئەوەشی خستەڕوو ئامادەن لە پێناو بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەیان و وڵاتانی هاوپەیمان لەگەڵ هەر لایەنێک کۆبوونەوە و گفتوگۆ بکەن.
وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ لەبارەی ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئۆکراینا گوتی: "ئومێدی ئەوەمان هەیە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئۆکراینا ئاسایی بێتەوە و کێشەکانی نێوانمان چارەسەر بێت، بەڵام پێمان وایە خۆرئاوا رێگری لەمە دەکات".