کەمی خۆراک و بەرزبوونەوەی نرخ هەڕەشە لە کیشوەری ئەفریقا دەکات
دیجیتال میدیای سپێده
٢٥ وڵات لە کیشوەری ئەفریقا ساڵانە زیاتر لە یەک لەسەر سێی گەنمیان لە رووسیا و ئۆکرایناوە بۆ هاوردە دەکرێت.
له راپۆرتی ساڵانەی كۆنفرانسی نەتەوه یەكگرتووەكان بۆ بازرگانی و گەشەپێدان (UNCTAD)دا هاتووە، بەشێکی زۆری وڵاتانی کیشوەری ئەفریقا کە پەیوەستن بە گەنمی رووسیا و ئۆکرایناوە، لەژێر هەڕەشەی کەمی خۆراک و بەرزبوونەوەی نرخ دان.
راپۆرتەكه ئاماژەی بەوه داوه، وڵاتانی کیشوەری ئەفریقا لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٨-٢٠٢٠دا، بە بەهای ٣،٧ ملیار دۆلار لە رووسیاوە و ١،٤ ملیار دۆلار لە ئۆکرایناوە گەنمیان هاوردە کردووە، بەم شێوەیەش لەسەدا ٤٤ی گەنمی هاوردەکراو لەلایەن وڵاتانی ئەفریقا لە رووسیا و ئۆکرایناوە بووە.
لەئێستاشدا رێژەی پەیوەستی ژمارەیەک لەو ٢٥ وڵاتە بە گەنمی رووسیا-ئۆکراینا سەدا ٩٠ی تێپەڕ کردووە.
لەکاتێکدا سۆماڵ و بێنین، بەڕێژەی لەسەدا سەد لە رووسیا و ئۆکرایناوە گەنمیان بۆ هاوردەکرێت لە میسر رێژەکە لەسەدا ٨٠یە.
هەریەک لە تەنزانیا، سوودان، کۆنگۆ و چەند وڵاتێکی دیکەش بەڕێژەی لە سەدا ٥٠ گەنمیان لەلایەن رووسیا و ئۆکرایناوە بۆ هاوردە دەکرێت.
لە راپۆرتەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو لەگەڵ ئەوەی بەشێک لەو پێویستییە لەڕێگەی کێڵگە ناوخۆییەکانەوە پڕدەکرێتەوە، دوا بە دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا و زیادبوونی نرخی پەین هەڕەشەیەکی دیکە رووبەڕووی وڵاتانی ئەفریقا بووەتەوە، بەهۆی گرفتی لاوازبوونی ژێرخانی گواستنەوە و توانای عەمبارکردن لە بەشێکی زۆری وڵاتانی کیشوەرەکەدا پێشبینی زیادبوونی قەیرانی کەمی خۆراک دەکرێت.