لە ئوردن کارەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانی دەستی پێکرد
دیجیتال میدیای سپێده
بە مەبەستی دەنگدان لە هەڵبژاردنی شارەوانی وڵاتەکەیاندا، دەنگدەران لە ئوردن چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان.
بەپێی زانیارییەکانی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی ئوردن، لە هەڵبژاردنەکاندا چوار هەزار و ٦٤٦ کاندید کە سێ هەزار و ٨٠١ کەسیان پیاون و ٨٤٥یان ئافرەتن کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی هەزار و ٣٢٥ کورسی کە ١٠٠یان پۆستی سەرۆکایەتی شارەوانین.
ئوردن کە ژمارەی دانیشتوانەکەی زیاترە لە ١٠ ملیۆن کەس، ژمارەی دەنگدەرانی چوار ملیۆن و ٥٩٩ هەزار و ٦٠٢ کەسە.
پارتی بەرەی کاری ئیسلامی، کە باڵی سیاسیی رێکخراوی ئیخوان موسلمینە، بایکۆتی هەڵبژاردنەکەی کردووە و بەشداری ناکات.
دوایین هەڵبژاردنی شارەوانی لە ئوردن لە ١٥ی ئابی ٢٠١٧ بەڕێوەچوو، کە رێژەی بەشداری تیایدا سەدا ٣١،٧ بوو.
حکوومەتی ئوردن، لە دوای تەواوبوونی وادەکەی کە چوار ساڵە، لە ئاداری ٢٠٢١دا ئەنجوومەنەکانی شارەوانی هەڵوەشاندەوە.
بەپێی یاساکانی ئەو وڵاتە، ماوەی ئەرکی ئەنجوومەنەکانی شارەوانی لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان چوار ساڵ درێژە دەکێشێت. هەروەها لە پاش هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنەکان، یاساکان پێشنیازی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکەن لە ماوەی شەش مانگدا.
بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی گۆڕانکارییەکانی یاسای هەڵبژاردن لە ئەیلوولی ٢٠٢١دا، هەڵبژاردنەکان بۆ ماوەی شەش مانگ دواخران