ئیسرائیل خستنە خوارەوەی دوو درۆنی ئێرانی نزیك هەولێر رادەگەینێت
دیجیتاڵ میدیای سپێدە
وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت، دوو درۆنی ئێرانی مانگی رابردوو لە لایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە نزیک شاری هەولێر خراونەتە خوارەوە، کە ئێران بەرەو ئیسرائیل بەمەبەستی تەقاندنەوەیان ئاڕاستەی کردبوون.
ڕۆژنامەی “جیروزالیم پۆست”ی ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل بڵاویکردەوە، دوو درۆنی ئێرانی لە جۆری “شەهید 136” لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەرکردایەتی ئەمریکا لە نزیک هەولێر خراوەتەخوارەوە.
ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکە دەشڵێت “دوو درۆنەکە، یەکێکیان لە باشوورەوە بەرەو ئیسرائیل بەڕێکەوتبوو، کاتژمێر 1:44ی بەیانی هەستی پێکرابوو و کاتژمێر 2:19ی بەیانی خرابووە خوارەوە. دووەمیان، لە رۆژهەڵاتەوە بەرەو ئیسرائیلەوە بەرەو ئەو ناوچەیە بەڕێککەوتبوو، کاتژمێر 1:46ی بەیانی دۆزرابووەوە و کاتژمێر 2:16ی بەیانی تێکشکێنرابوو”.
ئەو رۆژنامە ئاشكراشیكردووە، كە پێش خستنە خوارەوەی ئەو هەردوو درۆنە، ئسرائیل لە ئامادەباشی دابوو بەهۆی ئەنجامدانی چەند هێرشێكی سەبازی لەناو خاكی ئێران لەلایەن ئسرائیلەوە، ئسرائیل پێشبینی وەڵامێكی ئێرانی كردبوو.
ئەم راگەیاندنە دوای حەفتەیەك دێت لە هێرشە موشەكیەكەی سەر هەولێر لەلایەن ئێرانەوە كە ئێران دەڵێت ئەو بنكەیەكی ستراتیژی ئسرائیلی لە هەولێر كردوتە ئامانج، بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان بەهەموو شێوەیەك بوونی ئسرائیل لە هەرێم رەتیدەكەنەوە.