هەواڵی کوردستان ئێستا

بایدن: "سوپای رووسیا لە ئۆکرانیا لە باردۆخێکی خراپدایە، هەر بۆیەش مووشەکی هایپەرسۆنیکی بەکارهێنا"

بایدن:
بایدن: "سوپای رووسیا لە ئۆکرانیا لە باردۆخێکی خراپدایە، هەر بۆیەش مووشەکی هایپەرسۆنیکی بەکارهێنا"

2022-03-22 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتال میدیای سپێده‌

سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن ئەوەی ئاشکرا کرد کە رووسیا لە ئۆکرانیا مووشەکی هایپەرسۆنیکی بەکارهێناوە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە سوپای رووسیا لە بارودۆخێکی خراپدایە.

جۆ بایدن بە مەبەستی هەنگاونانی پێویست لە پرسی جەنگی رووسیا - ئۆکرانیا لە کۆشکی سپی لەگەڵ زیاتر لە ٢٣٨ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەمریکی کۆبووەوە.

بایدن سوپاسی بەڕێوەبەرانی جێبەجێکاری کرد لە بەرامبەر ئەو هەڵوێستانەی دژی رووسیا نواندوویانە و گوتی: "(سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر) پوتین هەرگیز پێشبینی ئەوەی نەکردبوو وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ بەو شێوەیە یەگرتوو و هاودەنگ بن. لە ئێستادا وڵاتانی ناتۆ لەوپەڕی یەکڕیزی و یەک هەڵوێستیدان، تاکە هۆکاری ئەمەیش پوتین-ە".

بایدن ئەوەیشی خستەڕوو کە وڵاتی ئۆقیانووسی گەورەش (هیندستان، ژاپۆن، ئوسترالیا) دژی رووسیا هاودەنگن.

بایدن جەختی لەوە کردەوە، کۆمپانیا ئەمرکییەکان لە رووسیا بە هەڵپەساردنی چالاکی و کارەکانیان گورزێکی گەورەیان بە ئابووریی رووسیا گەیاندووە و ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەمریکا لەماوەی ساڵی رابردووەوە تا ئێستا جگە لە هاوکاری ئابووری بە بەهای دوو ملیار دۆلار هاوکاریی بەرگریشی پێشکەش بە ئۆکراینا کردووە.

- "رووسیا لە بارودۆخێکی خراپدایە"

جۆ بایدن ئاماژەی بەوە کرد کە سووپای ئۆکراینا بە تێکشکاندنی تانک و هەلیکۆپتەرەکانی سوپای رووسیا گورزێکی "کوشندە"ی لە رووسیا وەشاندووە و گوتیشی: "هەر وەکو ئاگادارن هەفتەی رابردوو رووسیا لە ئۆکرانیا مووشەکی هایپەرسۆنیکی بەکارهێنا. ئەمە دوا کارت بوو کە رووسیا توانی دژی ئۆکرانیا بەکاری بهێنێت.

هۆکاری بەکارهێنانی ئەو جۆرە مووشەکە لەلایەن رووسیا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە سوپا لە بارودۆخێکی خراپدایە. پوتین بەرلە دەستپێکردنی جەنگ، بەو رادەیە پێشبینی یەکریزی و بەهێزی سوپای ئۆکرانیا و هەماهەنگی وڵاتانی ناتۆی نەکردبوو".

بایدن بانگەشەکانی رووسیای لەبارەی ئەوەی "ئەمریکا لە ئۆکرانیا تاقیگەی چەکی کیمیایی و بایۆلۆجی هەیە" رەتکردەوە و هۆشداریدا لەوەی ئامانجی رووسیا لەو جۆرە بانگەشانە ئەوەیە چەکی لەو جۆرە لە ئۆکرانیا تاقی بکاتەوە.