جۆ بایدن: بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن رووسیاوە ھەڕەشەیەکی راستەقینەیە
دیجیتاڵ میدیای سپێدە
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لەبارەی ئەگەری بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن رووسیاوە لە ئۆکراینا، رایگەیاند کە ئەمە "ھەڕەشەیەکی راستەقینەیە".
بایدن بەر لە سەردانییەکەی بۆ برۆکسل بەمەبەستی بەشداریکردن لە چەند لووتکەیەک لەگەڵ سەرکردەکانی یەکێتی ئەورووپا و ناتۆ، لە باخچەی کۆشکی سپی وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی پرسیاری رۆژنامەوانێک بەوەی کە ئایا تا چەند نیگەرانە لە بەرامبەر ئەگەری بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن رووسیاوە لە ئۆکراینا و ھاوکات ئەگەری روودانی ئەمە چییە؟ گوتی: "پێموایە ئەمە ھەڕەشەکی راستەقینەیە".
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن بەشداریی لە لووتکەی ناتۆ لە برۆکسڵ و لووتکەکانی جی ٧ و یەکێتی ئەورووپا دەکات و تێدا تاوتوێی ھەنگاوەکانی رۆژئاوا لەبەرامبەر رووسیا دەکرێ.
پێشتر راویژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، جەیک سولیڤان رایگەیاندبوو کە بایدن لە چوارچێوەی دیدار و کۆبوونەوەکانی لە ئەورووپا سەپاندنی سزای نوێ بەسەر رووسیادا رادەگەیەنێت.