عێراق وەک وڵاتێکی دەستکرد
كهریم قادر
تا نووکە بەشێک لە زنجیرەکانی دامەزراندنی عێراق، وەک وڵاتێکی دەستکردی بەرەنجامی شەڕی یەکەمی جیهان شاراوەن. هێنانی کەسێک لە دەرەوە و دانانی بە مەلیک، زیاتر بۆ ئەو راستییە دەگەڕێتەوە، کە بۆ ئەوە نەبووە تاسەر بێت، بۆ پێگەیشتوویی مرۆڤی ئەم وڵاتە جێهێڵراوە.
دوای ئەو هەموو کارەسات و مەینەتیانەی لەلایەن حکومڕانانەوە بێ جیاوازی دووچاری خەڵکی ئەم وڵاتە دەستکردە هاتن، لێ دوای رووخانی رژێمی سەدام دەرفەتێک بۆ بنیاتنانی وڵاتێک هاتە پێش، کە هەموو تێیدا هەست بە هاووڵاتێتی خۆی بکات، بەڵام ئەوە نەبوو، رووداوەکانی دواتر ئاماژەن، کە هەرگیز ناشبێت، چونکە لەبری دروستکردنەوەی وڵاتێک بۆ هەمووان، وڵات لە مەزهەبێکەوە رادەستی مەزهەبێکی دی کرا، ئەویش بەنۆرەی خۆی لەبری کارکردن بۆ ئاشتبوونەوە و دروستکردنەوەی متمانە و بەقای هەڵتەکاو، بە پشتیوانی مەرجەعیەت بە سەپاندنی ویستی تاک مەزهەبی دەستی پێکرد.
راستییەکی بەرچاو...
دۆخی ناوچە سوننەنشینەکانی دوای شکستی سەربازی داعش و دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ژیان لە بەشی خوارووی وڵات، ئەو راستییەمان پێ دەڵێت، کە ئەوانەی حكومڕانی ئێستا وەک ئەوانەی پێشوو بڕوایان بە پێکەوەژیانی ئاشتی و یەکسانی و پێشکەوتنی وڵات نییە. ئەگەرنا بەو پێیەی حەشدی شەعبی بە فتوای مەرجەعیەت دروست بووە و بەشێکە لە دامەزراوەی هێزی چەکداری وڵات و کۆنترۆڵەکەی لەدەستە، دەبوو سنوورێکی بۆ رەفتارە مەزهەبییەکانی حەشد دانابایە، هەروەها گوشاری لە حزبە حکومڕانەکان بکردبایە، کە پێویستە نەک کێشە بۆ هەرێمی کوردستان دروست بکەن، بەلکو دەبێت تەواوی کێشە هەڵواسراوەکان، بە کێشەی سنوورەکانی ناوخۆوە چارەسەر بکەن، نەک جەختکردنەوە لەسەر هێشتنەوە و درێژەپێدانی دۆخێک، کە بە ئەزموون ساغ بۆتەوە، رێگرە لە سەقامگیری و پێشکەوتنی وڵات.
ئەگەر دامەزراندنەوەی عێراقێک بۆ هەمووان، جێی بایەخی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، بەر لە هەڵنانی هەر هەنگاوێکی دیکەی ناتەواو، پێویستە شەنوکەوی هۆشمەندانەی ئەو پرسیارانە و پرسیاری دی بکرێن:
• ئایا ئەو حزبانەی کە لەسەر بنەمای چەوساندنەوەی مەزهەبی یا بۆ بەرژەوەندی مەزهەبی دروست بوونە، کە لە مەیدانەکە هەن و بەسەر بڕیار و جومگەکانی وڵات باڵادەستن، لەباریاندا هەیە ئەوە بکەن یا ئەوە دەکەن؟
• ئایا هاووڵاتی نوێی مەدەنی لە عێراق بەرهەمهێنراوە یا هێشتا لەناو قاوغی کۆن دەخولێتەوە، کە بەچاوی سەردەست و بندەست هەڵسوکەوت لەگەڵ بەرامبەر دەکات؟
• ئایا لەو بێ متمانەیەی لەنێوان پێکهاتەکان هەیە، زەمینەی گۆڕینی وڵاتێکی مەزهەبی بۆ وڵاتێکی مەدەنی هەیە، بەو مانایەی مەرجەعیەت لە کاروبارەکانی وڵات وەدەربنرێت؟
دەنگێکی لاوازی ناڕوون و تەمومژاوی...
هەرچەندە لە خۆپشاندنەکانی ئۆکتۆبەر، کە سەرەڕای توندوتیژییە لەڕادەبەدەرەکان تا ئێستا بەردەوامە و پێناچیت بە ئاسانی هێور بێتەوە، دەنگێکی لاواز بە ئاراستەی دامەزراندنی عێراقێک هەیە، کە بۆ هەمووان بێت، بەڵام ناڕوون و تەمومژاوییە، زیاتر بۆنی سەپاندنی مۆدیلێکی دیکەی لێدێت نەک رێزگرتن لە جیاوازییەکان و تایبەتمەندی پێکهاتەکانی. جگە لەوە ناوە ناوە بانگەشەی دەستێوەردانی (یو ئێن)مان بەرگوێ دەکەوێت، کە زۆر لە سیناریۆی سەرەتای دامەزراندن دەچێت، بەڵام لهبری ئەوەی کەسێک لەدەرەوە بهێنن، ئەمجارە بەپاساوی سەرپەرشتکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنێکی شەفاف یو ئێن بەشدار دەبێت لە دانانی کەسێکی ناوخۆ.