هەواڵی کوردستان ئێستا

فراکسیۆنی یەکگرتوو بە‌شداری دانیشتنی ڕۆژی چوارشە‌ممە‌ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ناکات

فراکسیۆنی یەکگرتوو بە‌شداری دانیشتنی ڕۆژی چوارشە‌ممە‌ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ناکات
فراکسیۆنی یەکگرتوو بە‌شداری دانیشتنی ڕۆژی چوارشە‌ممە‌ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ناکات

2022-03-27 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتال میدیای سپێده‌

د.موسە‌ننا ئە‌مین ئە‌ندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بە‌شداری دانیشتنی ڕۆژی چوارشە‌ممە‌ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ناکەن.

دەشڵێت، ئەو بارودۆخەی دروست بووە مەترسیی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی هەیە و ئەوەی پارتی دەیکات کارێکی هەڵەیە.

د. موسەنا ئەمین، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، "وەک یەکگرتوو بەشداری کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ناکەین و بەردەوام دەبین لە بایکۆت کردن."

وتیشی، "پێموایە ئەگەر جۆرێک لە ڕێککەوتن نەیەتە ئاراوە و بەو بارودۆخەی ئێستا هەیە ئەوەی رۆژی شەممە ڕوویدا، جارێکی دیکە ڕۆژی چوارشەممە ڕوودەداتەوە."

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو دۆخەی کە لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان خوڵقێنراوە کە هێزێکی سیاسیی بچێتە بەرەیەک و هێزێکی سیاسیی دیکە بچێتە بەرەیەکی دیکە، ئەمە وایکرد نەک هەر کوردستان دابەش بێت، بەڵکو وایکرد مەترسی لەسەر سەقامگیریی عێراق دروست بێت و ئەگەری بەریەککەوتنی سیاسی و ئەمنی و چەکداریش دروست بێت لە عێراق و کورد وایکرد کە ماڵی شیعی دابەش بێت، کە ئەوەش مەترسی ئەوەی هەیە نەک هیچ بەدەستنەهێنین، بەڵکو ئەوەشی هەمانە لەدەستی بدەین."

ڕوونیشیکردەوە، "ئەوەی پارتی کردوویەتی و چووەتە پاڵ بەشێک لەلایەنەکان مەترسی گەورەی لەسەر کوردستان و هاووڵاتیان و خودی پارتیش هەیە و لە بەردەوامی ئەو دۆخەی دروست بووە، مەترسی ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداریی لە عێراق هەیە."

ئەوەشی خستەڕوو، "بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکە لەلایەن ئێمەوە بۆ ئەوەیە کە نەبینە بەشێک لەو دۆخە و ئەو مەترسییانەی کە هەیە و دەبێت."

لەبارەی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن، د، موسەنا ئەمین، باسی لەوەکرد، "هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان پێویستە بە داواکردنی سێیەکی پەرلەمان بێت، یاخود لەسەر داوای سەرۆک وەزیران یاخود سەرۆک وەزیران، لەدوای ئەوەش پەرلەمان تەنها خۆی دەتوانێت خۆی هەڵبوەشێنێتەوە بە دەنگدانی 50+1 هەڵدەوەشێتەوە."

ئاماژەی بەوەشکرد، "پرسی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن گاڵتەجاڕییە و گاڵتەکردنە بە خەڵکی عێراق و بەهیچ شێوەیەک لەگەڵیدا نیین."