هەواڵی کوردستان ئێستا

بۆ جاری سێیەم ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ھەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێ کۆدەبێتەوە

بۆ جاری سێیەم ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ھەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێ کۆدەبێتەوە
بۆ جاری سێیەم ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ھەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێ کۆدەبێتەوە

2022-03-30 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتال میدیای سپێده‌

بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە ٣٠ی ئاداری ٢٠٢٢، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ جاری سێیەم دانیشتنی تایبەت بە ھەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێ ئەنجام بدات.

بڕیارە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆ دەست پێ بکات، بەڵام ئەستەمە دانیشتنەکە ئەنجام بدرێت، ئەوەیش بەھۆی رێک نەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان بە تایبەتیش ھاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمان و چوارچێوەی ھەماھەنگی لەبارەی یەکلاییکردنی پرسی پێکھێنانی حکوومەتی نوێ.

ئەمە بۆ جاری سێیەمە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ھەوڵدەدات سەرکۆماری نوێ ھەڵبژێرێت، ئەوەیش دوای ئەوەی لە حەوتی شوبات و ٢٦ی ئەم مانگە، بەھۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی ئامادەبووان، ئەنجوومەن نەیتوانی سەرکۆماری نوێ ھەڵبژێرێت.

ماوەی چەند رۆژێکە ھاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمان کە ھەریەک لە رەوتی سەدر، پارتی دیموکراتی کوردستان و ھاوپەیمانی سەروەریی لەخۆدەگرێت، ھەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێ ئەنجام بدرێت، چونکە پێشتر سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر ھۆشداری ئەوەی داوە کە ئەگەر دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران نەکرێت، ئەوا کۆتایی پرۆسەی سیاسیی و ئەنجوومەنی نوێنەران دەبێت.

ھاوکات ھەریەک لە چوارچێوەی ھەماھەنگی بە ٨٣ کورسی، ھاوپەیمانیی عەزم بە نۆ کورسی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ١٨ کورسی، یەکگرتووی ئیسلامی بە چوار کورسی و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە یەک کورسی رایانگەیاندووە، بەشداری لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا ناکەن.

لای خۆیەوە نەوەی نوێ کە لەگەڵ بزووتنەوەی ئیمتداد-دا، "ھاوپەیمانی لە پێناو گەل" پێکھێناوە رایگەیاندووە، تا گرەنتی جێبەجێکردنی مەرجەکانی نەکرێت، بەشداری لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا ناکات و لەبەرامبەردا بزووتنەوەی ئیمتداد بە فەرمی رایگەیاندووە کە بەشداری لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا دەکات.

پێشتر ھاوپەیمانی لە پێناو گەل، ١٧ خاڵی وەک مەرج بۆ بەشدارییکردن لە دانیشتنەکەی رۆژی ٢٦ی ئەم مانگەی ئەنجوومەنی نوێنەران پێشکەش بە ھاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمان کردبوو.

ئەوەی چارەنووسی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەران یەکلایی دەکاتەوە لەوەی ئەنجام بدرێت یان ئەنجام نەدرێت، پەرلەمانتارە سەربەخۆکانن کە پێشتر ژمارەیەکیان ھەڵوێستی خۆیان لەوبارەیەوە نیشان داوە و رایانگەیاندووە کە ئامادەی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەران دەبن.

بەپێی ئەوەی کە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دیاریکردووە، دەبێت لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەران لە کۆی ٣٢٩ ئەندام ٢٢٠یان ئامادەبن.

٤٠ کەس خۆیان بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق کاندیدکردووە لەنێویاندا، کاندیدی ھاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمان، رێبەر ئەحمەد و کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەرھەم ساڵح.

بەپێی نەریتێکی سیاسیی لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ەوە کە لە عێراقدا پەیڕەو دەکرێت، پۆستی سەرکۆمار بۆ کورد، سەرۆکوەزیران بۆ شیعە و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ سوننە بووە.