ئەمینداری گشتی یەكگرتوو و پرۆفیسۆر د. عەلی قەرەداغی كۆبوونەوە
ئەمینداری گشتی یەكگرتوو پێشوازی كرد له پرۆفیسۆر د. عەلی قەرەداغی و رۆڵی پرۆفیسۆر دكتۆر عەلی قەرداغی لە ئاشتەوایی جیهانی و خزمەتكردنی پەیامی پیرۆزی ئیسلام بەرزنرخاند
نیوەڕۆی ئەمرۆ چوارشەممە بەرواری 30/3/2022 بەرێز مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەیاوەری شاندی ئەنجومەنی جێبەجێكردن و سەركردایەتی لە بارەگای خۆی لە شاری هەولێر پێشوازی لە بەرێز پرۆفیسۆر دكتۆر عەلی قەرەداغی ئەمینداری گشتی یەکێتی جیهانی زانایان موسلمانان وسەرۆکی ڕێکخراوی ڕابیتەی مرۆیی كرد .
لە دیدارەكەدا بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و عێراق و جیهانی ئیسلامی بە گشتی گفتوگۆیان لە بارەوە كرا .
ئەمینداری گشتی یەكگرتوو سوپاسی بەرێزیانی كرد لەسەر ئەو خزمەتگوزاریانەی كە لە بواری كەفالەتی نازداران و پەروەردە و فێركردنی قورئان و تەندروستی و ئاوەدانكردنەوەی كوردستان لە ماوەی سی وچوار ساڵی رابردوودا پێشكەشی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكەی كردووە.
هەرلە دیدارەكەدا پێشهات و گۆڕانكاری و ئاڵەنگریەكانی بەردەم جیهانی ئیسلامی تاوتوێكرا و رۆڵی پرۆفیسۆر دكتۆر عەلی قەرداغی لە ئاشتەوایی جیهانی و خزمەتكردنی پەیامی پیرۆزی ئیسلام بەرز نرخێندرا.