هەواڵی کوردستان ئێستا

رووسیا سزا ده‌سه‌پێنێت به‌سه‌ر بەرپرسە باڵاکانی یەکێتی ئەورووپا

رووسیا سزا ده‌سه‌پێنێت به‌سه‌ر بەرپرسە باڵاکانی یەکێتی ئەورووپا
رووسیا سزا ده‌سه‌پێنێت به‌سه‌ر بەرپرسە باڵاکانی یەکێتی ئەورووپا

2022-04-01 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بڵاوی كرده‌وه‌ له‌چوارچێوه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ھاوشێوەدا، بڕیاریان داوە سزا به‌سه‌ر بەرپرسە باڵاکانی یەکێتیی ئەورووپادا بسه‌پێنن.

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، لە راگەیەندراوێکدا سەرنجی بۆ ئەوە راکێشاوە کە یەکێتی ئەورووپا لە سیاسەتی سزاکانیدا بۆ سەر رووسیا سەرجەم سنوورەکانی تێپەڕاندووە.

لە راگەیەندراوەکەدا، ئاماژەی بەوە کراوە کە برۆکسل بە شێوەیەکی گشتی، بەخۆڕایی و تاکلایەنانە سزای خستووەتە سەر ھاووڵاتییە رووسەکان و کۆمپانیاکان و بێ رەچاوکردنی سەرجەم ئەو بنەمایانه‌ی یاسای نێودەوڵەتیی کە کاری پێدەکرێت سەرجەم زانیارییە کەسییەکانی ئەو كه‌سانه‌یان بۆ رای گشتی بڵاوکردووەتەوە.

جەخت لەوەش کراوەتەوە کە لەلایەن رۆژئاواوە شه‌ڕ دژی ھاووڵاتییانی رووسیا و ئەو کۆمپانیایانەی کە لە وڵاتە بیانییەکان بە رووسی قسە دەکەن و کۆمپانیا بەناوبانگەکانی رووسیا به‌رپا كراوه‌ و تێیدا ھاتووە: "ئامانجی یەکێتیی ئەورووپا روونە. زۆرمان لێدەکەن کە واز لە بەرژەوەندییە چاره‌نووسسازه‌كانمان بھێنین. سەرجەم ئەمانە، بەشێکە لە سیاسەتی رۆژئاوا بۆ کۆنترۆڵکردنی رووسیا".

لە راگەیەندراوەکەدا، سەرنج بۆ ئەوە راکێشراوە کە یەکێتیی ئەورووپا بە ھەنگاوەکانی تەنھا پەیوەندییەکانی لەگەڵ رووسیا به‌ بنبەست نه‌گه‌یاندووه‌ بەڵکو لە ھەمان کاتدا خۆشگوزەرانی و ئاسایشی ھاووڵاتییانی خۆی و سیستمی جیھانی، دارایی و ئابووریشی خستووەتە مەترسییەوە و ئەوەش خراوەتەڕوو کە بەشێوەیەکی گونجاو لەگەڵ وەڵامدانەوەی ئەمە لایەنی رووسی نوێنەرانی وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەورووپا و پێکھاتەی یەکێتی ئەورووپای خستووەتە لیستی سزاکانەوە.

هه‌روه‌ها لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە: "سزاکان سەرجەم بەرپرسە باڵاکانی یەکێتی ئەورووپا ده‌گرێته‌وه‌ بە بەرپرسانی سەربازی و کۆمیسیارەکانی یەکێتی ئەورووپاشەوە. جگە لەوە سزاکان بەشێکی زۆری پەرلەمانتارانی پەرلەمانی ئەورووپا دەگرێتەوە کە ھانی سیاسەتەکانی دژبە رووسیایان دەدا. هه‌روه‌ها لیستی رەشی رووسیا کە وەکو وڵامێکە، سەرۆکی حکوومەت و پەرلەمانی چەند وڵاتێکی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا، کەسایه‌تییه‌ گشتییه‌كان و میدیاكاران كه‌ ھانی دژایەتیی رووسیا دەدەن، خراونەتە لیستی سزاکانەوە".

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش ئاشکرا کراوە کە بڕیاری سزاکان رادەستی نوێنەرایەتی یەکێتی ئەورووپا لە مۆسکۆ کراوە.