هەواڵی کوردستان ئێستا

تاڵیبان تەواوی ئەو مادده‌ هۆشبەرانه‌ی کە سەرخۆشی دروست دەکەن قەدەغە کرد

تاڵیبان تەواوی ئەو مادده‌ هۆشبەرانه‌ی کە سەرخۆشی دروست دەکەن قەدەغە کرد
تاڵیبان تەواوی ئەو مادده‌ هۆشبەرانه‌ی کە سەرخۆشی دروست دەکەن قەدەغە کرد

2022-04-04 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتال میدیای سپێده‌

حکوومەتی کاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان لە سەرانسەری وڵاتدا، بەتەواوی چاندنی خەشخاشی قەدەغە کرد.

حکوومەتی تاڵیبان، بە بڕیاری سەرکردەی تاڵیبان، مەلا هەیبەتوڵڵا ئاخوندزادە لە سەرانسەری وڵاتدا بەکارهێنان، بازرگانیکردن بەو ماددانەی دەبنە هۆی سەرخۆشی وەک مەی، هیرۆین، حەبی هۆشبەر، ماریجوانا و ئەو کارگانەی قەدەغە کرد کە هەر جۆرە ماددەیەکی هۆشبەر بەرهەم دەهێنن، هەر کەسێکیش ئەو بڕیارە پێشێل بکات دادگایی دەکرێت و سزا دەدرێت.

بەپێی بڕیارەکە لە سەرانسەری وڵاتەکەدا، چاندنی خەشخاش ئەنجام نادرێت.

لە لایەکی دیکەوە، هەرچەندە لە پێش تاڵیباندا، واتە لە سەردەمی ئەشرەف غانی-دا مەی خواردنەوە قەدەغە بوو، بەڵام لە هەموو لایەکی وڵات بەنهێنیی دەفرۆشرا.

ئەفغانستان یەکێکە لە وڵاتانی سەرەکی جیهان لە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی رووەکەکانی وەک خەشخاش و شەدانە بەنایاسایی کە ماددەی هۆشبەریان لێ دروست دەکرێت.

بەپێی راپۆرتی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماددە ھۆشبەرەکان و تاوان لە ساڵی ٢٠٢٠دا زیاتر لە سەدا ٨٥ی ئەو ئەفیۆنەی لە خەشخاش بەدەستهاتووە لە جیهاندا لە ئەفغانستان کراوە.

هەر بەپێی راپۆرتی نووسینگەکە کە لە تشرینی دووەمی ٢٠٢١دا بڵاویکردووەتەوە، بەرزبوونەوەی نرخی ئەو ماددەیە بە بەراورد بە ساڵانی پێشتر بەهۆی کەمبوونەوەی بەرهەمی ئەفیۆن بووە، بەڵام لە ٢٠٢١دا بە بەراورد بە ساڵێکی پێشتری بەرهەمهێنانی ئەفیۆن سەدا هەشت زیادی کردووە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە لە ساڵی ٢٠٢١دا لە ئەفغانستان شەش تۆن و ٨٠٠ کیلۆگرام ماددەی ئەفیۆن بەرهەمهێنراوە، بەوەیش نزیکەی ٣٢٠ تۆن هیرۆینی پوخت دەستەبەر دەکرێت.

دوای ئەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان دەسەڵاتی گرتە دەست و هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەو وڵاتە راگیران، قەیرانی ئابووری تیایدا قوڵ بووەوە و ژمارەیەکی زۆر کەس روویان لەو کەرتە کرد بەهۆی ئەوەی قازانجی زۆرە.

هاوکات نەبوونی پیشەی یاسایی، وشکەساڵی و کێشەی دابینکردنی خۆراک هۆکارن کە خەڵکێکی زۆر روو دەکەنە ئەو بوارە.