سێ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەوڵی تیرۆرکردن رزگاریان بوو
سێ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رووبەڕووی هەوڵی تیرۆرکردن بوونەوە و لەو هەوڵەدا رزگاریان بووە.
بەپێی ئەو هەواڵانەی لە میدیاکانی عێراق بە پشت بەستن بە زانیاریی سەرچاوەی ئەمنیی بڵاوکراونەتەوە، هەریەک لە پەرلەمانتار محەمەد فازڵ دلێمی لە هاوپەیمانی سەروەریی سوننەکان و هەردوو پەرلەمانتار، عەلی ساعدی و حوسام ساعدی لە فراکسیۆنی سەدر لە ناوچەی راشدییە باکووری بەغدا پایتەختی عێراق رووبەڕووی هەوڵی تیرۆرکردن بوونەتەوە.
بەگوتەی سەرچاوە ئەمنییەکان، ئەو سێ پەرلەمانتارە بە سەلامەتی لەو هەوڵی تیرۆرکردنە رزگاریان بووەوە.
سەرچاوە ئەمنییەکان ئەوەیشیان بە میدیاکانی عێراق راگەیاندووە، بەهۆی ئەوەی ئەو کەسەی هەوڵی تیرۆرکردنەکەی داوە ناسراو بووە، بۆیە سێ پەرلەمانتارەکە بۆ تۆمارکردنی سکاڵا چوونەتە بنکەی پۆلیس.
تا ئێستا هیچ کەس و لایەنێک بەرپرسیارییەتی خۆی لە ئەنجامدانی ئەو کارە رانەگەیاندووە و لایەنی پەیوەنداریش لە حکوومەتی عێراق هیچ راگەیەندراوێکیان لەمبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.