کاروانێکی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی لە ناوەڕاستی عێراق کرایە ئامانج
بۆمبێکی چێنراو بە کاروانێکی گواستنەوەی کەلوپەلی لۆجستی سەربە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعشدا لە پارێزگای بەغدا ناوەڕاستی عێراق، تەقییەوە.
ئەفسەرێک لە پۆلیسی بەغدا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند، بۆمبێکی چێنراو بە کاروانێکی گواستنەوەی کەلوپەلی لۆجستی سەربە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعشدا لە رۆژئاوای بەغدا، تەقیوەتەوە.
ئەفسەرەکە ئاماژەی بەوەیش دا کە تەقینەوەکە زیانی بە یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانی کاروانەکە گەیاندووە، بەڵام زیانی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.
بەم دواییانە ئەم جۆرە ھێرشانە بۆسەر ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە عێراق زیادی کردووە، ئەوەیش دوای ئەوەی پێشتر گرووپە چەکدارەکان لە عێراق نزیک لە ئێران ھەڕەشەی ئەوەیان کردبوو کە ھێزە بیانییەکان لە عێراق دەکەنە ئامانج.
ھەروەھا ئەو گرووپانە رایانگەیاندبوو کە گومانیان لە راگەیاندنی کشانەوەی ھێزە بیانییەکان لە عێراق ھەیە.
لە نۆی مانگی کانوونی یەکەمی رابردوودا، حکوومەتی عێراق رایگەیاندبوو، رۆڵی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە عێراق کە شەڕکردن بوو، کۆتایی ھاتووە و گۆڕاوە بۆ راوێژکاریی.