سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق دەكات
ههولێر-KDP.info- ڕۆژی سێشەممە ١٧ـی١٢ـی٢٠١٩ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئۆلریک شانون باڵیۆزی نوێی کەنەدا لە عێراق و ئاشلی دۆریک بەرپرسی نووسینگەی باڵیۆزخانەی کەنەدا لە هەولێر كرد.
لە دیدارەكەدا باڵیۆزی کەنەدا وێڕای دەربڕێنی خۆشحاڵیی خۆی بە یەکەم سەردانی بۆ کوردستان و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک بارزانی، سەرسامیی خۆی بە پێشکەوتن و سەقامگیریی کوردستان نیشان دا و ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە پڕۆسەی سیاسی و سەرکردایەتییکردنی شەڕی تێکشکاندنی داعشدا بەرز نرخاند.
ئۆلریک شانون پەیوەندییەکانی وڵاتهکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە گرینگ لەقەڵەم دا و جەختیشی کردەوە کە ئەو هاوکاری و هەماهەنگییەی کەنەدا لە شەڕی داعشدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیبووە بەردەوام دەبێت و چاویان لەوەیە لە هەموو ئاستەکاندا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرە پێ بدەن.
سەرۆک بارزانی وێڕای پیرۆزبایی لە باڵیۆزی کەنەدا بەبۆنەی دەستبەکاربوونی لە ئەرکە نوێیەکەی، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و پشتیوانیی خۆیشی بۆ زیاتر پێشخستنی پەیوەندییەکانی کەنەدا و هەرێمی کوردستان دەربڕی.
بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە، پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا و مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر تەوەرێکی دیکەی ئەو كۆبوونەوەیە بوون.