هەواڵی کوردستان ئێستا

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق دەكات

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق دەكات
سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق دەكات

2019-12-17 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هه‌ولێر-KDP.info- ڕۆژی سێشەممە ١٧ـی١٢ـی٢٠١٩ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئۆلریک شانون باڵیۆزی نوێی کەنەدا لە عێراق و ئاشلی دۆریک بەرپرسی نووسینگەی باڵیۆزخانەی کەنەدا لە هەولێر كرد.

لە دیدارەكەدا باڵیۆزی کەنەدا وێڕای دەربڕێنی خۆشحاڵیی خۆی بە یەکەم سەردانی بۆ کوردستان و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک بارزانی، سەرسامیی خۆی بە پێشکەوتن و سەقامگیریی کوردستان نیشان دا و ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە پڕۆسەی سیاسی و سەرکردایەتییکردنی شەڕی تێکشکاندنی داعشدا بەرز نرخاند.

ئۆلریک شانون پەیوەندییەکانی وڵاته‌کەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە گرینگ لەقەڵەم دا و جەختیشی کردەوە کە ئەو هاوکاری و هەماهەنگییەی کەنەدا لە شەڕی داعشدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیبووە بەردەوام دەبێت و چاویان لەوەیە لە هەموو ئاستەکاندا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرە پێ بدەن.

سەرۆک بارزانی وێڕای پیرۆزبایی لە باڵیۆزی کەنەدا بەبۆنەی دەستبەکاربوونی لە ئەرکە نوێیەکەی، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و پشتیوانیی خۆیشی بۆ زیاتر پێشخستنی پەیوەندییەکانی کەنەدا و هەرێمی کوردستان دەربڕی.

بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە، پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا و مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر تەوەرێکی دیکەی ئەو كۆبوونەوەیە بوون.