رووسیا: 'بە مووشەکی زۆر ورد وێستگەکانی سووتەمەنیمان لە ئۆکراینا کردە ئامانج'
دیجیتاڵ میدیای سپێده
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا: 'لە نزیک ناوچەکانی نیشتەجێبوون لە رادیهۆڤ، کازاتین، پرۆسیانایا، میکۆلایڤ و نۆڤۆمۆسکۆڤسک بە مووشەکی زۆر ورد لە ئاسمان و زەوییەوە پێنج وێستگەی کۆگای سووتەمەنی کراونەتە ئامانج'.
ئیگۆر کۆناشینکۆڤ گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا راگەیەندراوێکی سەبارەت بە چالاکییەکانی یەکە سەربازییەکانی رووسیا لە جەنگی ئۆکراینا بڵاوکردەوە و باسی لەوە کرد کە سوپای رووسیا کاتەکانی بەیانی مووشەکی زۆر ورد لە هێرشەکانی بۆسەر ئامانجەکان لە ئۆکراینا بەکارهێناوە.
باسی لهوهشكرد،'لە نزیک ناوچەکانی نیشتەجێبوون لە رادیهۆڤ، کازاتین، پرۆسیانایا، میکۆلایڤ و نۆڤۆمۆسکۆڤسک بە مووشەکی زۆر ورد لە ئاسمان و زەوییەوە پێنج وێستگەی کۆگای سووتەمەنی کراونەتە ئامانج. لەو شوێنانەوە سووتەمەنی رەوانەی ئۆتۆمبێل و ئامێرە سەربازییەکانی ئۆکراینا دەکرا لە خارکێڤ، میکۆلاییڤ و دۆنباس'.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئیگۆر کۆناشینکۆڤ ئەوەشی خستەڕوو کە لە میانی یەک شەودا، ٢٤ ئامانجی سەربازیی سوپای ئۆکراینا خاپوور کراون و رایگەیاند ' تا ئەمڕۆ ١٢٥ فڕۆکە، ٩٣ هێلیکۆپتەر، ٤٠٧ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ٢٢٧ سیستمی بەرگریی ئاسمانیی، هەزار و ٩٨١ تانک و زرێپۆش، ٢١٥ راجیمە، ٨٥٤ تۆپهاوێژ و هاوەن، هەزار و ٨٨٢ ئۆتۆمبێلی تایبەتی سەربازیی سەربە سوپای ئۆکراینا تێکشکێندراون'.