ئەمینداری گشتی یەكگرتوو لهگهڵ سكرتاریەتی یەكگرتووی خوشكان كۆبوویهوه
دیجیتاڵ میدیای سپێده
ئەمینداری گشتی یەكگرتوو : خوشكانی یەكگرتوو شەراكەتێكی ڕاستەقینەی پرۆژەی ئیصلاحی براكانیانن لە یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوار شەممە 6-4-2022، بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەیاوەری خوشكە ناسك تۆفیق ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێكردن، سەردانی سكرتاریەتی یەكگرتووی خوشكانی ئیسلامی كوردستانی لەشاری سلێمانی كردو لەلایەن بەهار عبدالرحمن سكرتێری یەكگرتووی خوشكانی ئیسلامی كوردستان و ئەندامانی سكرتاریەت پێشوازیان لێكرا.
لەدیدارێكدا بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ڕایگەیاند: جێی شانازییە كە خوشكانی یەكگرتوو شەراكەتێكی ڕاستەقینەیان هەیە لە پرۆژەی ئیصلاحی یەكگرتوودا، وە هەر لەسەرەتای ڕاگەیاندنی یەكگرتووی خوشكان ڕۆڵی كاریگەریان بینیوە لەناو ڕێكخستنەكانی یەكگرتوودا و هاوكارێكی ڕاستەقینەی برایان بون لە كاری حزبیدا.
لەبەشێكی دیكەی دیدارەكەدا ئەمینداری گشتی یەكگرتوو جەختیكردەوە لەگەڵ ئەو گۆڕانكاریانەی كە لە جیهان و هەرێم و ناوچەكە ڕوودەدەن بەشێكیان كاریگەری خراپیان لەسەر بواری كۆمەڵایەتی هەرێم كردوەو بەردەوام كاریگەری خراپ لەسەر خێزان و نەوەكانمان بەهەردوو ڕەگەزەوە دروست دەكات، بۆیە لە ئێستادا ئەركی ڕێكخراوی یەكگرتووی خوشكان قورسترە لە ڕابردوو، گرنگە پلان و پرۆژەی گونجاو بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەو پلان و گۆڕانكاریانە دابنرێت كە كاریگەری خراپیان لەسەر كۆمەڵگەی كوردەواری دەبێت.
لەكۆتای دیدارەكەدا، بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین دەستخۆشی لە ستافی نوێی سكرتاریەتی یەكگرتووی خوشكان كرد بۆ ئەو كارو بەرنامانەی كە دایانناوە بۆ جێبەجێكردن لە داهاتوودا، هەروەها جەختیشی كردەوە كە ڕێكخراوی یەكگرتووی خوشكان لە ڕابردوودا جێگە دەستیان دیاربوەو لە خزمەتكردن بە چین و توێژی ژنان لە هەرێمی كوردستان بەبێ جیاوازی بەتایبەت لە بواری خێزانی و كۆمەڵایەتیدا.