هەواڵی کوردستان ئێستا

له‌ په‌رتوكی جینۆسایدی گه‌ڵی كوردی قۆناغی 10ئاماده‌یی هاتووه‌، جینۆسایدی ئێزدیه‌كان به‌ فه‌توای چه‌ند زانایه‌ك بووه‌

له‌ په‌رتوكی جینۆسایدی گه‌ڵی كوردی قۆناغی 10ئاماده‌یی هاتووه‌، جینۆسایدی ئێزدیه‌كان به‌ فه‌توای چه‌ند زانایه‌ك بووه‌
له‌ په‌رتوكی جینۆسایدی گه‌ڵی كوردی قۆناغی 10ئاماده‌یی هاتووه‌، جینۆسایدی ئێزدیه‌كان به‌ فه‌توای چه‌ند زانایه‌ك بووه‌

2022-04-10 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتال میدیای سپێده‌

دوو په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی یه‌كگرتوو له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر هه‌بوونی بابه‌تێك له‌ مه‌نهه‌جی جینوساید كه‌ له‌ قوتابخانه‌كانی كوردستان ده‌خوێندرێن رونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ زانیاری و قسه‌ی بێ بنه‌ما و ناڕاست خراوه‌ته‌ پاڵ ئیمامی (ئه‌حمه‌دی كوڕی حه‌نبه‌ل)


ده‌قی ڕوونكردنه‌وه‌كه‌:

بێگومان پشتگیریكردنی سته‌ملێكراوان ئه‌ركێكی پیرۆزه‌ و نابێت حاشای لێبكرێت به‌ڵام ده‌بێت له‌سه‌ر بنه‌مای ڕاستی و دروستی بێت، نه‌ك پشتبه‌ستن به‌ سه‌رچاوه‌ی ناڕاست و گوماناوی و نابێت بڕوا به‌ قسه‌ی هه‌ندێك كه‌سی ڕق له‌ده‌ڵ بكرێت.

به‌ڕاستی ئێمه تووشی سه‌رسوڕمان بووین كاتێك هه‌ندێك زانیاری ناڕاست و ناڕه‌وامان بینی له‌ كتێبی جینۆسایدی گه‌لی كورد، كه‌ پڕۆگرامی قۆناغی ده‌یه‌می ئاماده‌ییه‌ و له‌‌ هه‌ردوو به‌شی وێژه‌یی و زانستی ده‌خوێندرێت و تێدا هاتووه‌ هۆكاری جینۆسایدی برایان و خۆشكانی ئێزدی ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی فه‌توای هه‌ندێك زانای ئیسلام به‌ تایبه‌ت كه‌ ناوی ئیمام (ئه‌حمه‌دی كۆڕی حه‌نبه‌ل) و زانا (ئه‌بو سعودی) ئامێدی، بۆیه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌مانه‌وێت چه‌ن ڕاستیه‌ك بۆ ڕای گشتی بخه‌ینه‌ڕوو:
یه‌كه‌م: ئیمامی (ئه‌حمه‌دی كۆڕی حه‌نبه‌ل) یه‌كێكه‌ له‌ چوار ئیمامه‌كه‌ی موسلمانان و هه‌موو لایه‌ك رێزی لێده‌گرن، و ئه‌و ئیمامه‌ له‌ ساڵی (241)ی كۆچی كه‌ ده‌كاته‌ (855) زایینی كۆچی دوایی كردووه‌، و به‌پێی سه‌رچاوه باوڕپێكراوه‌كان ئه‌و ئیمامه‌ هیچ په‌یوه‌ندی به‌ بابه‌تی ئێزدیه‌كانه‌وه‌ نییه‌، بۆیه‌ ناوهێنانی ئیمام ئه‌حمه‌د له‌گه‌ڵ بابه‌تی جینۆساییدی ئێزدیه‌كان ته‌نیا بۆ ناشیرینكردن و شكاندنی ئه‌و ئیمامه‌یه‌ و دووره‌ له‌ به‌های پێكه‌وه‌ ژیان و لێبورده‌یی ئایینی، به‌م شێوه‌یه‌ تۆمه‌تباركردنی ئیسلام و سه‌رچاوه‌كانی به‌ تایبه‌ت ئیمامێكی وه‌ك (ئه‌حمه‌دی كوڕی حه‌نبه‌ل) مه‌رام لێی شكاندنی ڕه‌مزه‌كانی ئیسلامییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌به‌ر چاوی هاوڵاتیانی كوردستان به‌ تایبه‌تی قوتابیان گه‌وره‌ییان كه‌م بكرێته‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامدا پێكه‌وه‌ ژیان له‌ كوردستان نه‌مێنێت و تێكبچێت.

دووه‌م: ئه‌بو سعودی ئامێدی كه‌سێكی ناسراوه‌ و خه‌ڵكی ئامێدی بووه‌ له‌ میرنیشینی بادینان، كه‌ له‌ سه‌رده‌مێكدا ئه‌و میرنشینه ناوچه‌یه‌كی حكومڕانی فه‌رمی بووه‌ و سه‌ربه‌ ده‌وڵه‌تی عوسمانی بووه‌، هه‌موو فه‌تواكانی ئه‌و زانایه‌ پارێزراون و ئه‌رشیفكراون و له‌ ئه‌رشیفی عوسمانیدا ماون، بۆیه‌ ده‌بێت په‌روه‌رده‌ سه‌رچاوه‌كانی له‌سه‌ر بنه‌مای زانیاری ڕاست دابنێت نه‌ك له‌سه‌ر گوتی گوتی هه‌ندێك كه‌س.

سێیه‌م: ناوهێنانی (ڕه‌به‌تكی) له‌ مه‌نهه‌جی خوێندن چ خزمه‌تێك ده‌كات؟! هه‌موو لایه‌ك ده‌زانن له‌ سه‌رده‌مانێك به‌هۆی كوشتنی ئاغایه‌ك، گرفت و ئاڵۆزی له‌ نێوان عه‌شیره‌تێك و ئێزدیه‌كان په‌یدابووه‌ كه دوایی‌ ڕووداوی نه‌خوازراوی لێكه‌وته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مرۆ ده‌بینین ئه‌و عه‌شیره‌ته‌ و ئێزدیه‌كان هاوسنورن و تێكه‌ڵاوی یه‌كتربوونه‌ و ئێستا هاوڕێ و دۆستی یه‌كترن و ڕۆژانه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ هاتوچۆ ده‌كه‌ن و داده‌نیشن و هه‌ڵده‌ستن، و فه‌توای ئه‌و كه‌سه‌ گرێدراوی رووداوێك بووه‌ و له‌ ئێستادا ناوهێنانی (ڕه‌به‌تكی) چ خزمه‌تێك ده‌كات؟ جگه‌ له‌ مه‌رام و ئارمانجی بیرهینانه‌وه‌ی ڕۆژه‌ نه‌خۆشه‌كانی ڕابردوو.

چواره‌م: ئه‌وزانیاریانه‌ وه‌ك داڕشتن له‌ كتێبێكدا دانراون و بێ به‌ڵگه‌ و سه‌رچاوه‌ی ڕاست و باوڕپێكراو و نابێت هه‌ركه‌سێك هه‌ڵبستێت مێژوو بنووسێته‌وه‌ ، به‌ڵكو مێژوو ده‌بێت له‌سه‌ر ده‌ستی كه‌سانی تایبه‌تمه‌ند و پسپۆر و مێژووناس بنوسرێته‌وه‌ و ده‌بێت زانیاریه‌كانیش پشتڕاستكراوه‌ بێت و به‌به‌ڵگه‌وه‌ له‌سه‌رچاوه‌ی ڕاست وه‌ربگیرێت، چونكه‌ وه‌رگرتنی بیروڕای هه‌ندێك نوسه‌ر و پسپۆر و په‌یڕه‌وكردنی ئه‌و بیروڕایانه ‌ده‌بێته‌ ئه‌گه‌ری هه‌ڵگیرساندنی فیتنه‌ و ئاژاوه‌ له‌ ناو كۆمه‌ڵگادا.

پێنجه‌م: ده‌بێت یه‌كێك له‌ ئارمانجه‌كانی په‌روه‌رده‌كردن له‌ كوردستان كه‌ خاوه‌نی پێكهاته‌ و كه‌مینه‌ی زۆره‌، بڵاوكردنه‌وه‌ی پێكه‌وه‌ ژیان بێت، نه‌ك‌ دانانی هه‌ندێ زانیاری بێ به‌ڵگه‌ له‌ناو پرۆگرامه‌كانی خوێندن كه‌ ده‌بێته‌ هۆكاری تێكشاندنی گیانی پێكه‌وه‌ ژیان، به‌ڵكو ده‌بێته‌ ئه‌گه‌ری دروستكردنی ڕق و كینهش‌ له‌ دڵی نه‌وه‌ له‌ دوای نه‌وه‌، چونكه‌ به‌ شێوه‌ی ڕێكخراو و سیسته‌ماتیك ساڵانه‌ سه‌دان قوتابی ئه‌و پرۆگرامه‌ی خوێندن ده‌خوێنن.
شه‌شه‌م: ده‌بوو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ پێش ئه‌وه‌ی بابه‌تێك په‌سه‌ند بكات، پشتڕاستی زانیاریه‌كان و بابه‌ته‌كان بكاته‌وه‌ و بزانێت ئه‌و بابه‌ته‌ تا چه‌ند دژی بنه‌ماكانی پێكه‌وه‌ ژیان و گیانی لێبورده‌ییه‌، به‌ڵام مخابن وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ له‌ دانانی زانیاری له‌ناو پرۆگرامی خوێندن و ناوهێنانی كه‌سێكی وه‌ك ئیمام (ئه‌حمه‌دی كۆڕی حه‌نبه‌ل) به‌م شێوه‌یه‌ له‌ كتێبی جینۆسایدی گه‌لی كورد خه‌مساردبووه‌ و به‌دواداچونی زانستی و ئه‌كادیمی بۆ نه‌كردووه‌ زۆر كه‌مترخه‌مانه‌‌ ڕێگه‌ی پێداوه‌ ئه‌م بابه‌ته له‌ پرۆگرامێكی خوێندن بڵاوبكرێته‌وه‌.

حه‌فته‌م: هه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ چاپی ساڵی (2012) دا هاتووه‌، به‌ڵام ئاماژه‌ به‌و ناوانه‌ نه‌كراوه‌ و به‌ گشتی باسی سته‌م له‌ ئێزدیه‌كان كراوه‌، كه‌ ئه‌و شێوزا ئاساییه‌، به‌ڵام له‌ چاپی ساڵی 2018دا چه‌ندین زانیاری بێ بنه‌ما و بێ به‌ڵگه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و بابه‌ته‌ دانراوه‌، كه‌ نه‌‌ لایه‌ن مێژوو ناسانه‌وه‌ ‌نوسراوه‌ نه‌ك له‌ لایه‌ن شاره‌زایانی ئایینی، به‌ڵكو دیاره‌ له‌ لایه‌ن هه‌ندێك كه‌سی نا پسپۆر نوسراوه‌ بۆیه‌ هه‌ڵه‌ی زۆری تێداكراوه‌ و زانیاریه‌كان شێوێندراون‌.
په‌رله‌مانتار هلز احمد بوتانی - ئه‌ندامی لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان

په‌رله‌مانتار د.اسماعیل سگێرێ - ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئه‌وقاف له‌ په‌رله‌مانی كوردستان