هەواڵی کوردستان ئێستا

پاكستان..حكوومەتەكەی عیمران خان لەكارخرا

پاكستان..حكوومەتەكەی عیمران خان لەكارخرا
پاكستان..حكوومەتەكەی عیمران خان لەكارخرا

2022-04-10 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


له‌ دانیشتنێكی په‌رله‌مانی پاكستاندا به‌مه‌به‌ستی لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌، حكوومه‌ته‌كه‌ی عیمران خان له‌كارخرا.

به‌پێی ئه‌و هه‌واڵانه‌ی كه‌ له‌ میدیاكانی جیهانه‌وه‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، دانیشتنی په‌رله‌مانی پاكستان بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌ یان لێنه‌سه‌ندنه‌وه‌ی حكوومه‌ته‌كه‌ی عیمران خان به‌ڕێوه‌چووه‌، هه‌ر له‌و دانیشتنه‌ی په‌رله‌ماندا 174 ده‌نگی نه‌خێر به‌ حكوومه‌ته‌كه‌ی عیمران خان درا و به‌مه‌ش حكوومه‌تی ئێستای پاكستان له‌كارخرا.

عیمران خان بووه‌ یه‌كه‌مین سه‌رۆكوه‌زیران له‌ مێژووی پاكستاندا كه‌ به‌ لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌ ئه‌ركه‌كه‌ی دووربخرێته‌وه‌.

ڕۆژی هه‌ینی، عیمران خان رایگه‌یاندبوو كه‌ ئه‌مریكا له‌ پشت ئۆپۆزسیۆنی وڵاته‌كه‌یه‌تیدایه‌ له‌ هه‌وڵی له‌كارخستنی حكوومه‌ته‌كه‌ی و گوتی: "ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، چه‌ند مانگێك پێش ئێستا سه‌ردانی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكایان له‌ ئیسلام ئاباد كرد و له‌وێ پێیان گوتراوه‌ كه‌ دانشتنی لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌ عیمران خان ئه‌نجام ده‌درێت".

پێشتریش عیمران خان رایگه‌یاندبوو كه‌ ئه‌وان حكوومه‌تێكی "هاورده‌كراو" قبوڵ ناكه‌ن و هاووڵاتییانی وڵاته‌كه‌ی بانگهێشت كردبوو بۆ رژانه‌ سه‌رشه‌قام له‌ ئێواره‌ی رۆژی 10ی نیساندا.