شرۆڤه‌یه‌كی تازه بۆ... یادی 50 ساڵه‌ی رێككه‌وتنی 11ی ئازار و 45 ساڵه‌ی رێككه‌وتنی 6 ی ئازار
د.محه‌مه‌د خدرمهولوود
رۆژی 11ی ئاداری 2020 په‌نجا ساڵی ته‌واو به‌سه‌ر رێككه‌وتننامه‌ی مێژوویی و یاسایی و دیكۆمێنتی نێوان سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی ئهیلوول به رابه‌رایه‌تی بارزانی نه‌مر و حكومه‌تی عێراقی سه‌رده‌می حزبی به‌عس تێپه‌ڕی.
یۆبیلی زێرینی 11ی ئازار، بۆ مێژووی سیاسیی وبزاڤی رزگاریخوازی كورد و بۆ وڵاتانی ناوچه‌كه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا، بایه‌خ وگرنگی مه‌زنی هه‌یه، گه‌ر ووردتر خوێندنه‌وه‌ی هه‌موو قووڵایی و ره‌هه‌نده‌كانی ناوخۆ و ده‌ره‌كی بۆ بكرێت و له‌و فاكته‌رانه بكۆڵدرێته‌وه كه حكومه‌تێكی شۆفینی عه‌ره‌بی عێراقی وه‌ك حكومه‌تی به‌عس ناچار به‌و رێككه‌وتنه یاساییه كرد و له‌و هۆكارانه‌ش بكۆڵدرێته‌وه كه ئامانج و مه‌به‌سته‌كانی بارزانی نه‌مر چۆن و چی بوون له رازیبوونیدا بۆ ماوه‌ی چوارساڵ تا به‌نده‌كانی رێككه‌وتنه‌كه لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه بێنه جێبه‌جێی كردن.
له كاتێكدا خودی بارزانی نه‌مر ئه‌قڵیه‌تی حزبی به‌عس و سه‌دام حوسێنی خوێندبۆوه و له مه‌به‌ست و مه‌رام و پیلان و تاكتیكه‌كانی رێككه‌وتنه‌كه‌ش تێگه‌یشت بوو. لای بارزانی نه‌مر ستراتیژی شۆڕش و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان به‌گشتی و به‌رژه‌وه‌ندیی و مافه‌كانی خه‌ڵكی گوند و ئاوایی و شار‌و شارۆچكه‌كانی كوردستان به‌گشتی گرنگتر بوون له هه‌موو پیلان و مانۆرو تاكتیكه‌كانی سه‌دام حوسێن كه له په‌نایی ئه‌و چوارساڵهیهدا مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی هه‌بوو.
باشترین به‌ڵگه بۆ ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه‌مان ده‌ستبه‌ردار نه‌بوونی بارزانی نه‌مر بوو له‌سه‌ر پرسی ناكۆكی له‌سه‌ری خاكی كه‌ركووك و ناوچه جێناكۆكیه‌كانی ئه‌وسای ته‌عریبكراو كه هه‌رله‌ساڵی 1963 وه وه‌ك قۆناغی یه‌كه‌م پاشان له‌ساڵی 1968 ەوه وه‌ك قۆناغی دووه‌می ته‌عریبكردن و راگواستنی گوند‌و شارۆچكه‌كانی كوردستان له‌سه‌رده‌می حوكمرانی به‌عسدا ده‌ستی پێكردبوو هه‌روا تێگه‌یشتنی ته‌ندروستی بارزانی نه‌مر بوو له بارودۆخه هه‌مه‌لایه‌نه ناهه‌مواره‌كانی كوردستاندا كه تا ئاستی هیلاكبوون، هیلاكی به‌چه‌ندین ئه‌و شار‌و شارۆچكه و گوند‌و ئاواییانه‌ی كوردستانه‌وه ده‌بینرا كه گۆره‌پانی چالاكییه‌كانی پێشمه‌رگه و شۆرش بوون، باری ناههموارهكهش له كه‌مبوونه‌وه‌ی خزمه‌تگوزاری كشتوكاڵی وپێشه‌یی و كاروكاسبی رۆژانه و بازرگانی و ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌یی وته‌نانه‌ت بژێوی ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵكه تێكۆشهرهكه خۆی ده‌بینییه‌وه، ئه‌و سیاسه‌ته‌ش سیاسه‌تی برسیكردن و پشتگوێخستنی كوردستان له سۆنگه‌ی ئه‌و گه‌مارۆ ئابوورییه توونده‌ی حكومه‌تی به‌غداوه بوو كه به‌ده‌ستی ئه‌نقه‌ست خستبوویه سه‌ر شار‌و شارۆچكه‌كانی كوردستانه‌وه و ناوی نابوون ( مناطق المحضوره و مناطق المخربین و...تد ). ئاخر ماوه‌ی هه‌شت نۆساڵ له‌نێوان ساڵانی (1961 – 1969 ) بۆ ئه‌و گه‌مارۆیه ساڵانێكی دوورودرێژی به‌رگه‌گرتنی شۆرشگێرانه‌ی خه‌ڵكی كوردستانه به‌ده‌ست ئه‌و نه‌هامه‌تییانه‌ی كه رژێمی حكومرانی به‌غدا سه‌پاندبوویه سه‌ر خه‌ڵكی سڤیل و پێشمه‌رگه، بێ جیاوازی و له‌ژێره‌وه‌ش پرۆسه‌ی ته‌عریبكردن و راگواستن ده‌شتاییه‌كانی كوردستانی ته‌نیبۆوه و به‌ره‌وه شاره گه‌وره‌كان و ناوچهشاخاوییهكان هه‌نگاوی ده‌نا.
ئه‌ی حیكمه‌ت له‌وه‌دا چی بوو، كاتێ هه‌وڵه تیرۆریستییه‌كه‌ی رژێمی به‌عسی به‌غدا له رۆژی 29ی ئه‌یلولی 1971 دژی خودی بارزانی ئه‌نجامدرا، بارزانی نه‌مر دوای ئه‌و پیلانه‌ی به‌عس، نه‌چووه ژێر كاریگه‌رێتی حه‌ماس و سۆزی كوردانه و شۆرشگێڕانه‌ی سه‌ركردایه‌تی شۆرشی ئه‌یلول و قبوڵی نه‌بوو شهر له‌به‌ر خاتری ئه‌و هه‌ڵبگیرسێته‌وه و ئه‌وه‌بوو گوتی : - قبوڵم نییه له پێناو مندا شه‌ڕ هه‌ڵبگیرسێته‌وه، كهشهڕدهكهین ودهجهنگین، ده‌بێ له پێناو كه‌ركووك وخاكی كوردستاندا شه‌ڕ بكه‌ین وبجهنگین.
باسكردن له رێككه‌وتننامه‌ی مێژووی 11ی ئازاری 1970 چه‌ندین ره‌هه‌ندی هه‌یه، ناكرێ ته‌نیا له قاڵبی وتار و بابه‌تی سیاسیی و به‌یاننامه‌ی حزبییه‌وه تیشكی بخرێته سه‌ر و ساڵانه له بۆنه‌و یادیدا به‌چه‌ند وتارێكی رۆژنامه‌وانی باسی لێوه‌بكرێ و ئیدی هه‌روا لێیبگه‌ڕێین و بابه‌ته نه‌زانراوه گرنگه‌كانی دوای 50 ساڵ نه‌خه‌ینه‌ڕوو و ناحه‌زانی پرسی كورد و بارزانی نه‌مر بۆ هه‌ر مه‌به‌ست و مه‌رامێك بێت راستییه‌كان ئاوه‌ژوو بكه‌نه‌وه و خوێندنه‌وه‌ی چه‌واشه‌كاریانه‌ی بۆ بكه‌ن.
له‌كاتێكدا ئه‌م ساڵ 11-3-2020 یادی یۆبیلی زێرینی 11ی ئازاره تا كۆتایی ساڵ و رۆژی 31-12-2020 ده‌كرێ قوڵتر‌و وردتر له‌سه‌ری بووه‌ستین، له كۆنگرهیێكی فره‌وان یا كۆنفرانس و دیداری سیاسی و ئه‌كادیمیدا لێكۆڵینه‌وه و توێژینه‌وه‌و شرۆڤه‌ی ئه‌كادیمی بۆ بكرێت و باری (سیاسیی، ئابووری، جوگرافی، په‌روه‌رده‌یی و مێژوویی، كه‌لتووری) كوردستانی تیا تاوتوێی زانستیانه‌ی به‌ڵگه‌داری بۆ بكرێت.
له كارێكی ئاوادا پێگه ورۆڵی پارتی دیموكراتی كوردستان له نێو بزاڤی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی ئازادیخوازیدا هه‌ر له شۆرشه‌كانی بارزان و شۆرشی مه‌زنی ئه‌یلول و قۆناغه‌كانیدا باشتر و رێكتر ده‌بنه بابه‌ت و ته‌وه‌ری هه‌مه‌لایه‌ن وههمهجۆری توێژینه‌وه ولێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌كادیمی (مێژوویی و یاسایی ودیكۆمێنتی ههمەجۆری) نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه هه‌میشه له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی لهناوچووندابووه.
بۆ كورد ئه‌م رێككه‌وتنه كه به‌رهه‌می خه‌باتی چه‌ندین ساڵه‌ی شۆڕش و به‌رخودان و قوربانییهكانیهتی كه به سه‌ركه‌وتنێكی مه‌زن ده‌ژمێردرێت، له‌به‌ر گه‌لێ هۆكاره له‌وانه :
بۆ یه‌كه‌مجاره له‌مێژووی حكومڕانی ده‌وڵه‌تی عێراقدا كه له 1921 وه كوردستان بێ خواستی خۆی پێیه‌وه لكێنراوه، له‌وساوه به‌غدا هه‌ر ده‌سه‌ڵاتی دكتاتۆری تاكڕه‌وی به‌رهه‌مدێنێت به ده‌سه‌ڵاتی به‌غدای سه‌رده‌می حزبی بهعسیشەوە كه له دیكتاتۆردیكتاتۆرتر وله نازیه‌ت نازیتر بوو، ئه‌و ته‌رزه رژێمه دانبنێت به‌مافی سیاسیی و نه‌ته‌وه‌یی و كارگێڕیی و رۆشنبیری و په‌روه‌رده‌یی كوردییه‌وه و پێگه و كیانی كوردستان وه‌ك پێگه‌یه‌كی سیاسیی خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی نیشتمانی بناسێنێت، ئه‌وا كوردستان هه‌رهیچ نه‌بێ له قۆناغی یه‌كه‌میدا له‌و ناو ناتۆره ناشیرین و كرێتهی ( شیمالنا الحبیب ) رزگاری ده‌بێت و(كورد سه‌پانی باوكی كه‌س)ی قبوڵنابێ و به‌تووندی ره‌تی ده‌كاته‌وه.
(شیمالونا ئه‌لحه‌بیب)، ئه‌و ده‌سته‌واژه كرێت و ناشیرینه بوو له‌ئه‌قڵی شۆڤینی سیاسه‌تی عه‌ره‌بی به‌غداوه سه‌پێنرا بووه سه‌ر نیشتیمان و خاكی كوردستان مه‌به‌ست لێی سڕینه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندییه نیشتیمانیی ونه‌ته‌وه‌یی كوردستان بوو، له روانگه ی عێراقی ( ئومه عه‌ره‌بییه واحیدهكه و، زات ریساله خالیده)كه‌ی حزبی به‌عسه‌وه چه‌كه‌ره‌ی كردبوو، به به‌رنامه و نه‌خشه و پلان دارێژراوهیی ئاراسته دهكراو خه‌ریك بوو ببێته ناسنامه‌ی تازه بۆ وڵات و نیشتیمانی كوردستان.
حیكمه‌ت و دووربینی و ئاینده‌یی و پلانرێژی كاری سیاسیی بارزانی نه‌مر و سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆرێككهوتنهكه، ئه‌وه‌ی لێی شین بوو حكومه‌تی عێراق به شێوه‌یه‌كی یاسایی ناچاربكات ملكه‌چی داوا و مافه‌كانی گه‌لی كوردستان و بزاڤی رزگاریخوازییه‌كه‌ی بێت.
ئه‌وسا كاتێكی هه‌ستیار و قۆناغێكی ناسكیش بوو، له سه‌ره‌تاكانی شۆڕشدا بوو له نێوان ساڵانی ( 1964-1969 ) نێوماڵی سیاسیی كوردستانی و خودی بزاڤه شۆرشگێرییه نیشتیمانییه‌كه‌ی شۆڕشی ئه‌یلول بارگاوی بووبوو، به ده‌ردو نه‌هامه‌تییه‌كانی په‌تای ئینشیقاق وشه‌ڕی نهگریزی ناوخۆ.. بۆیه به سه‌ركه‌وتنی رێككه‌وتننامه‌كه بارزانی نه‌مر یهكریزییهكی پته‌وی سیاسیی كوردستانی هێنا ئاراوه له ئاستێكی وا به‌رزو پیرۆز دابوو ببێت به شانازیه‌كی مه‌زن و ئومێدهكی گه‌وره‌ی كوردانی دیكه له (باكور، رۆژهه‌ڵات، رۆژئاوا‌و وسۆڤیهتی جاران) یش.
ئه‌مه بۆ ناوخۆی كوردستانی مه‌زن، بۆ ده‌ره‌وه‌ش خودی رێككه‌وتنه‌كه سه‌رباری دڵه‌راوكێ و ترس و سه‌رسامبوونی وڵاتانی وه‌ك (سوریا‌و ئێران وتوركیا) و له‌و رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوایه‌ی دونیایش (له‌نده‌ن و مۆسكو و واشنتۆن) یش، له‌وه‌ی كه كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك له نیشتیمان و ناوچه‌كه‌ی خۆیدا گه‌ر ببێته كیانێكی سه‌ربه‌خۆیی سیاسیی كارا، ئه‌وا كار له هاوكێشه‌ی هه‌ردوو بلۆكی رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا ده‌كا و ده‌بێته هۆكار بۆ لاسه‌نگ بوونی هێزو پێگه‌و به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێك له‌و دوو زلهێزه‌كه‌ی جیهان، ئهمریكاو سۆڤیه‌تی جاران.
كه‌وا ده‌ڵێن گه‌لێ نووسین و بابه‌تی به‌ڵگه‌دار هه‌ن وێرای ئه‌و پانتاییه جوگرافییه‌ی یا ئه‌و تونێڵ و جوگرافیا داخراوه‌ی كه گۆڕه‌پانی شۆڕشی ئه‌یلول بوو بۆ خه‌بات وتێكۆشانی، دیكۆمێنته زیندووهكان، نووسین و بابهتهكان رۆڵ و كاریگه‌رێتی بارزانی نه‌مر زیاتر و روونتر ده‌خه‌نه روو.
له‌وه‌ش دڵنیاین گه‌لێ له‌و دیكۆمێنت و نووسینانه بۆ ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی كوردی، زۆركه‌م تیشكیان خراوه‌ته سه‌ر، زۆر كه‌م باسكراون، له‌مه‌شدا پشت ئه‌ستوورین به چه‌ندین نووسین و به‌ڵگه‌نامه‌ی گرنگ.
له‌م نووسین و به‌ڵگه‌نامانه‌دا، ئه‌وه‌نده‌ی بۆ ئه‌م نووسینه‌مان بشێ ته‌نیا ئاماژه مان به نووسین و به‌ڵگه نامه‌كانی ( د.یه‌فگینی بریماكۆف ) سیاسه‌تمه‌دار و رۆژنامه‌نووس و به‌رپرسی ده‌ره‌وه‌ی ده‌زگای هه‌واڵگری ئه‌وێ رۆژێی سۆڤیه‌تی و(د.مونذرالفضل)ی نووسه‌ر و شاره‌زای بواری یاسا و شرۆڤه‌كاری ناوداری عێراقی داوه.
ئه‌مه وێڕای بوونی چه‌ندین نووسین و به‌ڵگه‌ی باوه‌ڕ پێكراوی دیكه‌ی زانستی له هی نووسه‌ر و شرۆڤه‌كار و پیاوانی ئه‌كادیمی و دیبلۆماتكارانی بیانی وعه‌ره‌بی و...تد
بریماكۆف له‌و نێوه‌ندو پێناوه‌دا دبلۆماتكارو سیاسه‌تمه‌دارێكی هوشیار و به‌ئاگای زۆرێك له‌و كه‌ین و به‌ینه‌ی رێككهوتنامهكهیه، به‌هۆی پێگه‌كه‌ی له ده‌زگای هه‌وڵگری به‌رپرسی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی- به‌شی ده‌ره‌وه‌ی سۆڤیه‌تی له ده‌زگای (كه‌ی .جی .پی) یه‌كێكه له‌و دبلۆماتانهی شاره‌زای زۆر لایه‌نی پرسی كورد و ناوچه‌كه‌یه به‌تایبه‌تیش له‌و سه‌رده‌مه و ئان وساتهیدا گه‌شت و سه‌ردانی تایبه‌تی هه‌بووه بۆ لای بارزانی نه‌مر، وه‌ك نێرده‌ی سۆڤیه‌تی ده‌هاته ناوچه‌كه. ئه‌و گه‌شته‌شی كه به(گه‌شتی زستان) هی ناوزه‌دكراوه تایبه‌ت بۆ لای بارزانی نه‌مر ئه‌نجامی داوه له كۆتاییه‌كانی ساڵی 1969 و سه‌ره‌تای ساڵی 1970بوو له قاهیره‌وه - له نووسینگه‌ی سه‌ره‌كی رۆژنامه‌ی (پڕاڤدا)وه ده‌ستی پێكرد، بۆ به‌غدا له‌وێوه‌ش بۆ چۆمان وناوپردان بۆلای بارزانی نه‌مر.
هه‌رچه‌ند سه‌رده‌م و قۆناغی دوای رێككه‌وتننامه‌ی مێژوویی و یاساییه‌كه‌ی11ی ئازار تێپه‌ڕده‌بێت به هه‌ردوو باری هه‌ڵگیرساندنه‌وه‌ی شه‌ڕ له لایه‌ن به‌غداوه له‌دوای11ی ئازاری 1974و هێڕشكردنهوه سه‌ر كوردستان، پاشان رازیبوونی به‌غدا بهتكاو رجا و پاڕانه‌وه و سازشێكی زۆره‌و تا به رێككه‌وتننامه‌ی خیانه‌تكاری 6ی ئازاری 1975 ی جه‌زائیری نێوان شای ئێران و سه‌دام حوسێن سه‌ری گرت، گه‌ر حكومه‌تی عێراق له جێبه‌جێ كردنی به‌نده‌كانی 11ی ئازاردا ساردی نهنواندبوایهو به‌مه‌به‌ستی كات كوشتن و غهفڵهتگیركردنی سه‌ركردایه‌تی سیاسیی شۆرشی ئه‌یلول و لهوڵاوهش خۆبه‌هێزكردن و پڕ چه‌ككردن و خۆ ئاماده‌كردنه‌وه‌ی بۆ شه‌ڕ، جێبه‌جێكردنی به‌نده‌كانی رێككه‌وتننامه‌كه بۆ گه‌لانی عێراق و ناوچه‌كه بایه‌خی زیاتری ده‌بوو، له‌و زیانه زۆروزه‌وه‌نده‌ی كه‌له ئاینده‌دا بهرعێراق و ناوچه‌كه كه‌وت ئه‌وسا ژیانی عێراقییه‌كان به‌گشتی و كوردستانیش به‌تایبه‌تی پڕ له درهوشانهوەو بوژانه‌وه ده‌بوو، له برێتی ئه‌و وێرانه‌یی و كاره‌ساتانه‌ی به‌غدا به‌سه‌ر عێراق وناوچه‌كه‌ی داهێنا.
ملنه‌دان ومانۆرو خۆدزینه‌وه‌ی حكومه‌تی به‌عسی عێراقی بۆ جێبه‌جێكردنی به‌نده‌كان ودهستپێشخهریشی بۆ هێرش و په‌لاماردان و هه‌ڵگیرساندنه‌وه‌ی شه‌ڕ دژی كوردستان به هه‌ر ئه‌گه‌رێك و پیلان و نه‌خشه‌و ده‌ستی ده‌ره‌كی و ناوخۆیی عێراقییهوهش بووبێ كه هه‌موو ئه‌وانه له‌سه‌ر واری واقیعی ئه‌وسا دا بوونیان هه‌بوو، هه‌روه‌ك ( د.مونذر الفضل) له توێژینه‌وه زانستییه‌كه‌یدا ( الوجه القانونی للاتفاقیه الجزائیر) به‌وردی باسی لێوه‌ده‌كات، ئه‌وا به‌رگریی قاره‌مانه‌ی پێشمه‌رگه و خه‌ڵكی خۆڕاگری كوردستان بوو( شكستی) به به‌غدای سه‌دام حوسێن هێنا، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی باوه به‌غدا بێ و( شكستی) به شۆرشی ئه‌یلول هێنابێ، یاوه‌ك ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ی كه‌سانێك پێیانخۆش بوو هه‌ر ئه‌وسا به (ئاشبه‌تاڵ) ناوی بێنن.. !!
له خوێندنه‌وه‌یه‌كی تازه‌دا بۆ یادی مێژووی یۆبیلی زێرینی رێككه‌وتننامه‌ی 11ی ئازار‌و یادی 45 ساڵه‌ی رێككه‌وتننامه‌ی خیانه‌تكاری 6ی ئازاری 1975 ی جه‌زائیردا ده‌گه‌ینه ئه‌و چه‌ند خاڵه گرنگانه‌ی كه پێویست ده‌كات له سه‌ر ئه‌و چه‌ند وشه‌و رستانه‌ی خواره‌وه دابنرێن:
یه‌كه‌م : شۆرشی ئه‌یلول و پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان له به‌ره‌ی شه‌ردا له گه‌ڵ رژێمی سه‌دام حوسێن‌دا تووشی شكست نه‌بوون، به‌واتایه‌كی تر ئه‌وه شۆرشی ئهیلوول نه‌بوو، له به‌ره‌ی شه‌ردا شكست بێنێ، به‌ڵكو رژێمی عێراق بوو، تووشی شكستی سه‌ربازی سوپاكه‌ی بوو، سه‌دام حوسێنی ناچاركرد ملكه‌چی هه‌موو داواكارییه‌كانی شای ئێران بێت به نێوه‌ندگیری هه‌واری بۆمیدیه‌ن و له‌به‌ر چاوی ته‌واوی ئه‌ندامی كۆنگره‌ی ئۆپێكەوه به شانازی و كهیفخۆشیهوه ده‌ست له‌ملی شای په‌هله‌وی، خۆیان گوته‌نی (مه‌جوسی) بكات و له‌به‌رامبه‌ر پشتكردن له شۆڕشی كورد واز له چه‌ندین كیلۆمه‌تری خاك و ئاوی عێراق له ناوه‌راست وچه‌م و رووباری ( شه‌تی عه‌ره‌ب ) بێنێ له به‌سراوه نزیك رووباری كارۆنی هێلی تالوكه‌وه پێشكه‌شی ئێران بكات. ئه‌وه‌یان ته‌نیا ئه‌و لێككهوتهیه نییه، ئه‌ی پاشان سازش له‌دوای سازشی عێراق بۆ ئێران و له ده‌ست دانی مانا‌و به‌هاو بایه‌خی سه‌روه‌ری نیشتیمانی عێراق..!! تا ئه‌و ئاسته نزمه‌ی سازشكردنهی سه‌دام حوسێن و ده‌وڵه‌تی عێراقی به به‌هاو سه‌روه‌ری ناوچه سنوورییه‌كان و شوێنه ئایینیه پیرۆزه‌كانی شیعهكانەوه كردی به ههراجكردنیان بۆ مه‌رام و مه‌به‌ستێك ..!! نووسه‌رو ئه‌كادیمی و یاساناسی ناوداری عێراقی (د.منذر الفضل) له‌مباره‌یه‌وه نووسیویه‌تی و ده‌ڵێ :
شای ئێران له‌باره‌ی رێككه‌وتنی خیانه‌تكارانه‌ی 6ی ئازاری 1975 ی جه‌زائیر ده‌ڵێ (سه‌دام خه‌ونی 42 ساڵه‌ی هێنامهدی، ئه‌و خه‌ونه‌ی نوری سه‌عیدی سه‌رۆك وه‌زیرانی سه‌رده‌می حوكمی پادشایه‌تی عێراقیش نهیهێنابووه دی ..)، ئه‌مه قسه‌ی محمد ره‌زا په‌هله‌وی شای ئێرانه ..
دووه‌م: ده‌رهاوێشته‌ی رێككه‌وتنی خیانه‌تكارانه‌ی 6ی ئازاری جه‌زائیر ده‌سه‌ڵاتی ره‌های له ناوخۆوه به سه‌دام و حزبی به‌عس به‌خشی دوای سه‌ركه‌وتنی ئه‌و گه‌له‌كۆمه‌كییه نێوده‌وڵه‌تییه‌ی له سه‌ركردایه‌تی شۆرشی ئه‌یلول و بارزانی نه‌مر كرا، ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆریانه‌ی سه‌دام به ره‌هایی و بێ باكانه كه‌وته لێدان له‌و رێككه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ حزبی شیوعی عێراقی هه‌بوو، هه‌ڵمه‌تی گرتن و له‌سێداره‌دان و راوه‌دوونانی شیوعیه‌كان و داخستنی ئورگانه‌كانی حزبی شیوعی له پای چۆلبوونی گۆڕه‌پانه سیاسییه‌كه بوو، له ئه‌نجامی دوورخستنه‌وه‌ی شۆرشی ئه‌یلول و سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان و بارزانی نه‌مره‌وه بوو .. ئه‌ی ئه‌وه‌ش هه‌ر ده‌رهاوێشته‌ی 6ی ئازاری جه‌زائیر نه‌بوو ..؟ مه‌گه‌ر ئێستاش هه‌ندێ له سه‌ركردایه‌تی شووعی ئوممه‌می عه‌ره‌بی عێراقی هه‌بێ چاو له‌و راستییه بنووقێنێ ..؟
سێیه‌م : دوابه‌دوای ده‌رچوونی بریاری ژماره ( 1507 له 17-9-1980 ) ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆرشی عێراقی به واژۆی سه‌دام حوسێن به‌مه‌به‌ستی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی بڕیاری ژماره ( 69ی ساڵی 1976 ) كه به بڕیاری ( تصدیق المعاهده وحسن الجوار ) ه و هه‌رسێ پرۆتۆكۆله‌كه‌ی كه رۆژی 13ی حوزه‌یرانی ساڵی 1975 له‌به‌غدا له نێوان عێراق و ئێران واژۆكرابوون ناوزه‌دكراوه.
رازیبوون وملكهچكردنی عێراق بۆ هه‌موو داواكارییه‌كانی نێو رێككه‌وتنه خیانه‌تكارییه‌كه‌ی 6ی ئازاری جه‌زائیر و پاشان هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی دوای پێنج ساڵ و له‌رۆژی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی نێوان عێراق و ئێران، كه به درێژترین و كاره‌ساتبارترین شه‌ڕی نێوان وڵاتان داده‌نرێت له‌دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانه، له‌وساوه بۆ عێراق و ناوچه‌كه چه‌ندین مانا‌و ده‌ڵاله‌تی یاسایی و لێككه‌وته‌ی سه‌ربازی و نێوده‌وڵه‌تی لێكه‌وتۆته‌وه. ئه‌وه‌تا له ده‌رهاویشته‌كانی ئه‌و بارودۆخه‌دا عێراق و ئێران له‌دوای 6ی ئازاری 1975 دا تێیكه‌وتون بریتییه له: ( شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی نێوانیان و خواردنه‌وه‌ی جامی ژه‌هری هه‌ردووڵایان، داگیركردنی كوێت و شه‌ڕی یه‌كه‌م ودووه‌می كه‌نداو هه‌ژموونی زیاتری ئێران بۆ كه‌نداو وعێراق و سووریا‌و لبنان و یه‌مه‌ن و له‌خۆبایی بوونی توركیا‌و هێرش و په‌لاماردانی بۆ ئهمڵاوئهولا، باگا هاتنه‌وه‌ی رووسیای دوای لێكهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی و هێنانی هه‌ژموونی زیاتری سه‌ربازی بۆ ناوچه‌كه و ئیدی ئه‌وه ئێره ئه‌و ناوچه هه‌ڵایساوه‌ی جیهانییه، نه‌ته‌وه باڵاده‌سته‌كان خه‌ریكه سه‌روه‌ری خۆیان هه‌نگاو به‌هه‌نگاو له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، ئاخر ئه‌وان، ئه‌و نه‌ته‌وه له‌خۆبایی و لووتبه‌رزو باڵاده‌ستانه‌ی ناوچه‌ن كه رۆژانێك رێزیان له‌سه‌ره‌وه‌ری و خاك و نیشتیمانی كورد‌و كوردستان نه‌گرتووه و مافه یاسایی و ده‌ستوورییه‌كانی ژیانی شارستانی و سه‌ربه‌خۆیی ده‌وڵه‌تداریان پێرهوا نه‌بینیووه ده‌بێ باجی زیاتری ئه‌قڵیه‌تی دیكتاتۆریه‌ت و هزری ئیمپراتۆریه‌تی پاوه‌نخوازی خۆیان بده‌ن وچاوه‌ڕوانی لێككهوتهو ده‌رهاوێشته‌ی دیكه‌ش بن.
هاوكێشه‌كانی مانه‌وه‌و به‌رده‌وام بوونی كورد‌و كوردستانیش له‌نێو جوگرافیایه‌كی داخراوی تهلبهندا به‌نموونه له ( باشوور- كوردستانی عێراق) دا، هه‌رده‌م ئه‌قڵیه‌تێكی ژیرمه‌ندانه وهزرێكی ساخ وسهلیمی خودان پلان و نه‌خشه‌رێژی ئاینده بینی حه‌كیمانه‌ی ویستووه، ئه‌م هزروژیرمهندیهش هه‌ر له سه‌رده‌م و بزاڤی ناسیۆنالیستی شێخ عه‌بدولسه‌لام بارزانییه‌وه بۆ شۆرشه‌كانی بارزان و شۆرشی ئه‌یلول به میرات مابۆوه له‌گه‌ڵ قۆناغ و سه‌رده‌میش دهوڵهمهدترو به ئه‌زموونتر بووه.
شۆرشی ئه‌یلوڵ، شكستی نه‌هێنا، چونكه شۆرشی گوڵانی به‌دواداهات، ئه‌میش راپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری مه‌زنی ئازاری 1991. راپه‌ڕینیش حكومداریه‌تی دیموكراتیانه به هه‌ڵبژاردنی یاسایی شارستانی په‌رله‌مانی دهوڵەتمهداری كه حكومه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستانی به‌دواداهات و له‌و ناوچه وئه‌و هه‌رێمه‌دا به‌مه‌زنی له‌دایك بوو.
ئێستا دوای 50ساڵ، خه‌ڵك و جه‌ماوه‌ری كوردستانی ئه‌مرۆی دوای داعش و ماعشهكان، كه ئاوڕ له دوێنێی رێككه‌وتنامه خیانه‌تكارییه‌كه‌ی 6 ی ئازاری 1975ی جه‌زائیر ده‌ده‌نه‌وه، دڵگران و خه‌فه‌تبارن له‌وه‌ی كه چۆن و بۆچی رێككه‌وتنامه‌ی مێژوویی و یاسایی 11ی ئازاری 1970 له‌لایه‌ن به‌غداوه پێشێلكراو جێبه‌جێ نه‌كرا.