بایدن بەرگری لەوە کرد کە پوتین "کۆمەڵکوژی" لە ئۆکرانیا ئەنجامداوە
دیجیتال میدیای سپێده
سەرۆکی ئەمریکا، بایدن رایگەیاند کە ھۆکاری رێژەی بەرزی ھەڵاوسان لە وڵاتەکەی بەھۆی ھێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکرانیایە و راشیگەیاند کە پوتین لە ئۆکرانیا "کۆمەڵکوژی" ئەنجامداوە.
بایدن، لە ئایوا روونکردنەوەی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و گەیشتنی ھەڵاوسان بە بەرزترین ئاست لە ماوەی ٤١ ساڵی رابردوو، ئەنجامدا.
جۆ بایدن، ئاماژەی بەوە کرد کە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی بەرزبوونەوەی نرخ لەسەر ھاووڵاتییان ئەوەی لە دەستیاندا بێت دەیکەن و گوتی: "داگیرکردنی ئۆکراینا، کاریگەریی لەسەر نرخی سووتەمەنی و خۆراک لە سەرانسەری جیھان کردووە. چین، رووسیا و ئۆکراینا کە گەورەترین بەرھەمھێنەری دانەوێڵەن لە جیھان وەکو پێشوو بەرھەمیان نییە. لەبەر ئەم ھۆکارە نرخی ھەموو شتێک بەرزدەبێتەوە. ئەوەمان بینی کە سەدا ٧٠ی ئەم ھەڵاوسانەی ئەمڕۆ ئاشکراکراوە لە نرخەکانی سووتەمەنی و خۆراکەوە سەرچاوەیان وەرگرتووە".
- بایدن بۆ یەکەم جار دەستەواژەی "کۆمەڵکوژی" بەکارھێنا
سەرۆکی ئەمریکا، باسی لەوە کرد کە لەگەڵ کۆنگرێسدا بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ھەڵاوسان کاردەکەن و ھەڵاوسانی بە "بەرزکردنەوەی نرخ لەلایەن پوتین" ناوبرد.
جۆ بایدن، رایگەیاند بۆ کەمکردنەوەی نرخی سووتەمەنی لە تەواوی جیھان و ئەمریکا رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت لە نەوتی ستراتیژیی عەمبارکراو دەخەنە بازارەوە و وڵاتەکانی دیکەش ھەنگاوی ھاوشێوەیان ناوە و گوتی: "نابێت بوودجەی خانەوادەکەتان و توانای پڕکردنی تانکیی ئۆتۆمبیلەکەتان بە دیکتاتۆرێک (پوتین) لەو پەری جیھان کە جەنگ رادەگەیەنێت و کۆمەڵکوژی دەکات، ببەسترێتەوە".
بایدن، کە پێشتر رووداوەکانی بوچا-ی بە "تاوانی جەنگ" باس کردبوو، بەم لێدوانەی بۆ یەکەم جار رووداوەکانی ئۆکراینای بە "کۆمەلکوژی" ناوبرد.