یهكگرتووی ئیسلامی بهبۆنهی یادی 34 ساڵهی مەرگەساتی ئەنفال ڕاگهیهندراوێكی بڵاوكردهوه
دیجیتاڵ میدیای سپێده
ئەنجومەنی جێبەجێ کردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بهبۆنهی یادی 34 ساڵهی مەرگەساتی ئەنفال ڕایگهیهند:دوای ٣٤ ساڵ لەو کارەساتە ، واقعی حاڵی کەسوکاری جینۆساید کراوان بە زمانی پڕ ئاه و حەسرەتەوە لە دەسەڵاتی کوردی دەپرسێت : وێڕای بەخشینی دەیان هەزار قوربانی و زیان لێکەوتنی ماددی بێ ئەژمار ، کوا جیتان کردووە بۆ سرینەوەی ئاسەواری تاڵی ئەو مەرگەساتە ؟
لهڕاگهیهندراوهكهدا هاتووه: جێگای داخە دوای سی ساڵ حوکمڕانی ، دەسەڵات نەیتوانیوە لە ئاست قەبارەی قوربانییەکان بێت و قەرەبووی پێویستیان بکاتەوە . ئەمە لە کاتێکدا زۆرێک لەو ناوچانە لە ئێستادا چاوگەی کێڵگەی نەوت و غازی سروشتین و رۆژانە سەدان ملیۆن دۆلار بەرهەم دێنن . هەر نەکراوە لەو خێر و بێرە زۆرە ، ژیان و ژینگە و گوندەکانیان ئاوەدان بکرێتەوە . بەڵکوو کەسوکاریان بەشێکی دیارن لە چینی هەژارانی کوردستان و زۆرێکیان بە هاوکاری خێرخوازان ژیانێکی سادە بەسەر دەبەن.
دهقی راگهیهندراوهكه:
بسم الله الرحمن الرحيم
وَإِذَا الْمَوْءُودَةُ سُئِلَتْ * بِأيّ ذَنْبٍ قُتلَتْ
کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان
جەماوەری خۆڕاگری کوردستان
سی و چوار ساڵ یادی مەرگەساتی پرۆسەکانی بە ناو ئەنفال ، بۆ هەتایە کارەساتێکی نیشتمانی پڕاوپڕ گریان و ژانە ، کە هەردەم دیمەنی بە ئازاری ١٨٢ هەزار پەپوولەی زیندە بەچاڵکراومان زاکیرەی نەتەوەیی و نیشتمانیمان دەهەژێنێ و ، خەم و برینەکانمان سوێ دەکاتەوە ، رژێمی روخاوی بەعس لە چەند پرۆسەیەکی دڕندانەی سەربازیدا ، سیاسەتی جینۆسایدی کوردانی بەرپا کرد و ، ژیان و ژینگە و ماڵ و مزگەوت و باخ و بێستانی زیاتر لە پێنج هەزار گوند و لادێی ئاوەدانی کردە وێرانە .
دوای ٣٤ ساڵ لەو کارەساتە ، واقعی حاڵی کەسوکاری جینۆساید کراوان بە زمانی پڕ ئاه و حەسرەتەوە لە دەسەڵاتی کوردی دەپرسێت : وێڕای بەخشینی دەیان هەزار قوربانی و زیان لێکەوتنی ماددی بێ ئەژمار ، کوا جیتان کردووە بۆ سرینەوەی ئاسەواری تاڵی ئەو مەرگەساتە ؟
جێگای داخە دوای سی ساڵ حوکمڕانی ، دەسەڵات نەیتوانیوە لە ئاست قەبارەی قوربانییەکان بێت و قەرەبووی پێویستیان بکاتەوە . ئەمە لە کاتێکدا زۆرێک لەو ناوچانە لە ئێستادا چاوگەی کێڵگەی نەوت و غازی سروشتین و رۆژانە سەدان ملیۆن دۆلار بەرهەم دێنن . هەر نەکراوە لەو خێر و بێرە زۆرە ، ژیان و ژینگە و گوندەکانیان ئاوەدان بکرێتەوە . بەڵکوو کەسوکاریان بەشێکی دیارن لە چینی هەژارانی کوردستان و زۆرێکیان بە هاوکاری خێرخوازان ژیانێکی سادە بەسەر دەبەن .
لە ئەمساڵدا ، کە بۆ ساڵی دووهەم لەسەر یەک وشکە ساڵی روو لە ناوچەی گەرمیان دەکات ، سەرباری کێشەکانی تریان لە بێ مووچەیی و نەبوونی خزمەتگوزاری و نەبوونی هەلی کار و دامەزراندن ، ژیانیان هێندەی تر سەخت و قورستر دەبێ . یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ، داوکارە دەسەڵاتداران بەرپرسانە بچن بەدەم تەواوی داواکاری و پێویستی ئەو خەڵکە خۆشەویستە ، ناکرێ و نادادییە لەو هەموو خێرەی کوردستان ، ئەوان هەژارترینی چینەکانی کومەڵگا بن.
هەروەها پێویستە حکومەتی فیدراڵی ، جینوساید کردنی دەیان هەزار بێ تاوان بخاتە ناو ستراتیژی نیشتیمانی قەرەبووی یاسایی و ئیداری فیدڕاڵییەوە ، دەبێ لە داهاتی گشتی بودجەی پێویست بۆ بنیاتنانەوەی ژیانی و ژینگەیی ئەو خەڵک و ئەو ناوچانە دیاری بکرێت .
لەم مانگە پیرۆزەی رەمەزاندا ، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ، دەستی نزا و پاڕانەوە بۆ رەحمەتی خوای گەورە بەرز دەکاتەوە و داواکارە قوربانییەکان ئەهلی فیردەوس بن و سەبر و ئارامی و قەرەبووی رەحمەت و بەرەکەت بە کەسوکاریان ببەخشێت .
ئەنجومەنی جێبەجێ کردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان