نەتەوەیەکگرتووەکان: "جەنگی ئۆکرانیا-رووسیا کاریگەری كردووهته سهر یەک ملیار و ٧٠٠ ملیۆن کەس"
دیجیتال میدیای سپێده
سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتێرێس جارێكی دیكه ھۆشداریی دا کە جەنگی ئۆکرانیا-رووسیا کاریگەری لەسەر یەک ملیار و ٧٠٠ ملیۆن کەس کردووە و فشاری خستووەتە سەر سیستمی خۆراک، وزە و دارایی جیھان.
ئەنتۆنیۆ گوتێرێس لە میانی ئەو کۆنگرە رۆژنامەوانییە ھاوبەشەی کە لەگەڵ سکرتێری گشتیی کۆنفرانسی بازرگانی و گەشەپێدانی نەتەوەیەکگرتووەکان (UNCTAD)، رێبێكا گرینسپان ئەنجامیدا، ئاشكرایكرد ئەنجامەکانی جەنگی ئۆکرانیا جیھانی و سیستەماتیکە.
گوتێرێس ئاماژەی بەوە کرد، جەنگەکە لە جیھاندا ھەژاری و برسێتی زیادکردووە، ههڕهشهی لە ئابووریی ئەو وڵاتانە کردووە کە لە گەشەسەندندان و جارێكی دیكه ھۆشداریی دا كه لە ئێستادا ئەو یەک ملیار و ٧٠٠ ملیۆن کەسەی کە بەدەست ھەژارییەوە دەناڵێنن بەھۆی جەنگەکەوە رووبەڕووی کێشە لە سیستمی خۆراک، وزە و دارایی بوونەتەوە.
سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەوەی خستەڕوو، ٣٦ وڵات کە ھەژارترین و بێ بەرگریترین وڵاتانی جیھانیان لە نێودایه، گەنم لە رووسیا و ئۆکرایناوه ھاوردە دەکەن و گوتی: "لەسەرەتای جەنگەکەوە نرخی گەنم و گەنمەشامی لە گۆڕاندایە و ئەمساڵ لە سەدا ٣٠ زیادی کردووە. نرخی نەوت لە ماوەی ساڵی رابردوودا زیاتر لە سەدا ٦٠، نرخی گازی سرووشتی لە سەدا ٥٠ زیادی کردووە و نرخی پەینی کیمیایی بۆ دوو ھێندە بەرزبووەتەوە".
گوتیشی: "دەبێت ئەو وڵاتانەی کە لە گەشەسەندندان لە کەناری داڕووخانی ئابووریی بگەڕێنینەوە".
ئەنتۆنیۆ گوتێرێس له پێناو دەستەبەرکردنی گواستنهوهی خۆراک و وزە بەشێوەیەکی سەقامگیر لە بازاڕە کراوەکاندا بانگەوازی ھەڵگرتنی سەرجەم ئەو بەربەستە ناپێویستانەی کرد کە لەسەر ھەناردەکردن دانراون و گوتی: "ئێستا کاتی مەحسوبییەت نییە. دەبێت ئەو بەرھەم و یەدەگە زیادانە ئاراستەی خاوەن پێداویستەکان بکرێت".
گوتێرێس باسی لەوەش کرد کە دەبێت قەیرانی وزە وەکو دەرفەتێک بۆ پهڕینهوه بۆ وزەی خاوێن ببینرێت.
سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان ههروهها بانگەوازی کۆتاییھێنان بە جەنگ و خێراکردنی دانوستانەکانی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە گەلی ئۆکراینا و مرۆڤە بێ بەرگرییەکانی جیھان نابێت ببنە قوربانیی جەنگێک کە ھیچ پەیوەندییەکی پێیانهوه نییە.