هەواڵی کوردستان ئێستا

ئێران جارێکی دیکە هەڕەشەی هێرشکردنە سەر هەولێر دەکات

ئێران جارێکی دیکە هەڕەشەی هێرشکردنە سەر هەولێر دەکات
ئێران جارێکی دیکە هەڕەشەی هێرشکردنە سەر هەولێر دەکات

2022-04-14 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


فەرماندەی فەیلەقی قودس، ئیسماعیل قائانی وێرای ئاماژەدان بە هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر، جەختی لەوە کردەوە کە لە هەر شوێنێک بێت وەڵامی جددییان دەبێت.

ئیسماعیل قائانی لە رێوڕەسمێکدا کە بەبۆنەی ساڵوەگەری کوژرانی یەکێک لە فەرماندەکانی فەیلەقی قودس لە تارانی پایتەختی ئێران گوتاری پێشکەش کرد، باسی لە هێرشە مووشەکییەکی سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کرد و جارێکی دیکە هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد و رایگەیاند کە لە هەر شوێنێک بە پێویستی بزانن دەیانکەنە ئامانج.

فەرماندەی فەیلەقی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران گوتی: "دەست بەستراو نین. دەستدرێژی بکرێتە سەر بەرژەوەندییەکانمان، لە هەر شوێنێک بێت وەڵامی جددیمان دەبێت. ئێمە باش دەزانین ئێوە لە کوێن. لە هەولێر زۆر لە دراوسێکانتان نەیاندەزانی کە ئێوە لەوێ دەژین و بنکەکەتان لەوێیە، بەڵام لەژێر چاودێری ئێمەدا بوون".

قائانی گوتیشی: "بنکەکانیان (ئیسرائیل) بە سەرنجدان بە دۆخی ئاسایش، لەژێر چاودێریمان دان کەواتە لە هەر شوێنێک کە بمانەوێ دەیانپێکین".

ئەو قسانەی فەرماندی فەیلەقی قودس لە کاتێکدایە کە بەرەبەیانی ١٣ی ئاداری رابردوو سوپای پاسدارانی ئێران بە ١٢ مووشەکی بالیستی، ماڵی بازرگانێکی هەولێری بە بیانووی بوونی بنکەی ئیسرائیل کردە ئامانج.