هەواڵی کوردستان ئێستا

شاندێكی بازرگانانیی هه‌رێم بۆ دیدارێكی ئابووری سه‌ردانی توركیا ده‌كات

شاندێكی بازرگانانیی هه‌رێم بۆ دیدارێكی ئابووری سه‌ردانی توركیا ده‌كات
شاندێكی بازرگانانیی هه‌رێم بۆ دیدارێكی ئابووری سه‌ردانی توركیا ده‌كات

2019-12-17 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


 

هه‌ولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ڕاگه‌یاندنی ژووری بازرگانیی هه‌رێمی كوردستان گوتی، بڕیاره‌ شاندێكی گه‌وره‌ی بازرگانیی هه‌رێمی كوردستان بۆ دیدارێکی ئابووری له ‌نێوان هه‌رێم و شاری مێرسین لە توركیا سه‌ردانی ئه‌و وڵاته‌ بكه‌ن، ئه‌مه‌ش ده‌بێـته‌ هۆی ئه‌وه‌ی جووڵه‌ی بازرگانی له‌ هه‌رێم زیاد بێت.


بەڕێوەبەری ڕاگه‌یاندنی ژوری بازرگانیی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌سكه‌نده‌ر محه‌مه‌د، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دوای باشبوونی دۆخی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان، شاندێگی گه‌وره‌ی بازرگانی هه‌رێمی كوردستان بۆ یه‌كه‌م جار به‌و شێوه‌یه‌ سه‌ردانی وڵاتی توركیا له‌ شاری مێرسین دەكات و دیدارێكی ئابووری له ‌نێوان شاری مێرسین و هه‌رێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت و تێیدا باسی كاری هاوبەشی وه‌به‌رهێنان ده‌كه‌ن."

ئه‌سكه‌نده‌ر محه‌مه‌د گوتیشی: "دیداری ئابووریی نێوان هه‌رێم و مێرسین له‌ توركیا ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌یه‌ و یه‌ك ڕۆژ ده‌خایه‌نێت و ڕۆژی هه‌ینی سه‌ردانی ئه‌ده‌نه‌ و پارێزگاری ئه‌و شاره‌ ده‌كه‌ین."

ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌، دوای باشبوونی دۆخی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان ڕۆژ به ڕۆژ جووڵه‌ی بازرگانیی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌شه‌سه‌ندندایه‌ و پێشڤه‌چوونی باشی به‌ خۆیه‌وه‌ دیووه‌ و به‌رده‌وام شاندی بازرگانیی وڵاتان بۆ كاری وه‌به‌رهێنان سه‌ردانی هه‌رێم ده‌كه‌ن و شاندی بازرگانیی هه‌رێمیش سه‌ردانی وڵاتان ده‌كه‌ن.


بڵند ئیبراهیم