هەواڵی کوردستان ئێستا

دلاوه‌ر ئاژگه‌یی: ئه‌وروپای دوای كۆرۆنا زۆر جیاواز ده‌بێت

دلاوه‌ر ئاژگه‌یی: ئه‌وروپای دوای كۆرۆنا زۆر جیاواز ده‌بێت
دلاوه‌ر ئاژگه‌یی: ئه‌وروپای دوای كۆرۆنا زۆر جیاواز ده‌بێت

2020-03-18 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


ئەورووپا-KDP.info-  نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپا باس له‌ كاریگه‌ریی نه‌خۆشیی كۆرۆنا له‌سه‌ر وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌كات و پێی وایه‌ كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی ئابووری و سیاسیی ده‌بێت.

دەر‌باره‌ی مه‌ترسیی كۆرۆنا له‌سه‌ر وڵاتانی ئه‌وروپا كه‌ ئێستا به ‌به‌ربڵاوی سه‌رجه‌م وڵاتانی ئه‌وروپای گرتووه‌ته‌وه‌، دلاوه‌ر ئاژگه‌یی، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "له‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپا هه‌ر وڵاتێك و سیاسه‌تێكی تایبه‌ت به ‌خۆی گرتووه‌ته‌به‌ر، بۆ نموونه،‌ دانیمارك هه‌رزوو سنووره‌كانی خۆی داخست بۆ ماوه‌ی یه‌ك مانگ كارمه‌ندی حكوومه‌ت و تەتانه‌ت كه‌رتی تایبه‌تی نارده‌وه‌ ماڵه‌وه‌، به ‌یاسایه‌ك پێی گوتن، نابێت كار بكه‌ن، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ ده‌وڵه‌مه‌نده،‌ پێی گوتن به ‌كه‌رتی تایبه‌تیشه‌وه‌ لەسەدا ٧٠ی مووچه‌تان ده‌ده‌مێ، هه‌ندێك وڵاتی دیكه‌ جیاواز هاتنه‌ پێشه‌وه‌، له‌وانه‌ سوید و به‌ریتانیا، كه‌ تێڕوانینیان جیاوازه‌ و به‌پێی نفووس و ئابوورییان ته‌حه‌كوم ده‌كه‌ن، چونكه‌ هه‌ندێك بڕیاریان په‌یوه‌ندیی به ‌ئابووریه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت ئه‌وان له‌وه‌ ناترسن كه‌ زۆر خه‌ڵك بمرن، مه‌ترسیان له‌وه‌دایه‌ له ‌یه‌ك كاتدا زۆرترین خه‌ڵك تووشی كۆرۆنا ببێت، یان لەسەدا ٨٠ی خەڵک تووشی كۆرۆنا ببێت، بۆ نموونه،‌ ئه‌گه‌ر وڵاتێك 10 ملیۆن كه‌س بێت، ئه‌وه‌ 8 ملیۆنی تووش ببێت، خۆ ئه‌گه‌ر له‌و ڕێژەیە‌ دوو یان سێ لەسەدیان پێویستیان به‌ نه‌خۆشخانه ‌بێت، ئه‌وه‌ ده‌كاته‌ سه‌دانهه‌زار كه‌س و هیچ وڵاتێك ئه‌و توانایەی نییه‌ سه‌دانهه‌زار كه‌س له‌ نه‌خۆشخانه‌دا جێ بكاته‌وه‌ و خزمه‌تیان بكات، چونكه‌ پزیشك نییه‌ و كه‌رسته‌ی پێویستیش نابێت، بۆیه‌ هه‌ندێك وڵات به‌توندی سنووره‌كانیان داخستووه‌ و گرفتێكی دیكه‌ هه‌یه‌، ئه‌وروپا كۆمه‌ڵگایه‌كی پیره و‌ ته‌مه‌نیان له ‌سه‌رووی 60 ساڵه‌وه‌یه،‌ خۆشمان ده‌زانین ئه‌و نه‌خۆشییه‌ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر به‌ته‌مه‌نه‌كان ده‌بێت، كه‌واته‌ ئه‌وروپا به ‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست زیاتر تووشی گرفت ده‌بێت و گرفتی مردنی ده‌بێت، بۆیە یه‌كێتیی ئه‌رووپا هاتووه‌ته‌ سه‌رخه‌ت".

ئاژگەیی گوتیشی: "سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا ڤیدیۆكۆنفرانسێكیان كردووه‌ و له‌وێ چه‌ند بڕیارێك ده‌رچووه‌، له‌ هه‌موویان گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سنووری ئه‌وروپا بۆ ماوه‌ی یه‌ك مانگ داده‌خرێت، ڕه‌نگه‌ درێژیش بكرێته‌وه‌، هیچ كه‌سێك له ‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وروپاوە ناتوانێت داخڵی ئه‌وروپا ببێت، ته‌نیا ئه‌وانه‌ نه‌بێت كه‌ وه‌ك فڕۆكه‌ی ترانزێت و كه‌سانی دیپلۆمات و سه‌فیره‌كان، هه‌روه‌ها بۆ ئەوەی هاوكاریی پزیشكی له‌ نێوانیاندا هه‌بێت پلانیان داناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هاوكاریی یه‌كتری بكه‌ن، له‌گه‌ڵ سویسرا و نه‌رویج و ئیرله‌نداش ده‌توانن به‌ یه‌كه‌وه‌ به‌هێز بن، كه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیی ئه‌وروپان. له ‌لایه‌كی دیكەوە له ‌یه‌كێتیی ئه‌وروپا بۆ دۆزینه‌وەی‌ ڤاكسین و ده‌رمانی چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌كه‌ هه‌وڵ هه‌یه‌ و 34 ملیار تیریلۆنیان بۆ شه‌ڕی كۆرۆنا ته‌رخان كردووه‌ و ئه‌و پارەیە‌ ده‌درێته‌ ناوه‌نده‌كان بۆ توێژنه‌وه‌ی زانستی، هه‌روه‌ها پلانیان داڕشتووه‌ بۆ پرسی ئابووری، چونكه‌ به‌هۆی كۆرۆناوه‌ ئابووریی وڵات خراپ ده‌بێت، ئه‌وان پلانیان داناوه‌ هاوكاریی یه‌كتری بكه‌ن، تا جارێكی دیكه‌ به‌هێز ببنه‌وه‌ و پلانی تۆكمه‌یان داناوه‌".

ئاژگەیی ئه‌وه‌یشی خسته ڕوو: "له‌ناو خۆشیاندا، له‌ناو یه‌كێتیی ئه‌وروپا سنووریان له‌سه‌ر خۆیان داخستووه‌، ئه‌وه‌ش وه‌ك ڕێگرییه‌ له‌ نه‌خۆشییه‌كه،‌ بۆ نموونه‌، لە به‌لجیكا داوا له‌ دكتۆره‌ خانه‌نشینه‌كان كراوه‌ خۆیان ئاماده‌ بکەن و ناویان بنووسن، له‌ حه‌وشه‌ی خسته‌خانه‌كان به‌ شێوەی كاتی چادریان هه‌ڵداوه‌ تا ئه‌گه‌ر حاڵه‌تێك هاته‌ پێشه‌وه‌ شوێنیان كه‌م نه‌بێت، له‌ ئه‌ڵمانیا به‌شێك له‌ هۆتێله‌كان كراون به‌ خەسته‌خانه‌ و حاڵه‌تێكی زۆر تایبه‌ته‌ له‌ ئه‌وروپا و حكوومه‌ت هاوكاریی كۆمپانیاكان ده‌كات، قوتابخانه‌كان داخراون، به‌ڵام به‌ ئۆنلاین كاری خۆیان ده‌كه‌ن."

ئاژگەیی ده‌شڵێت: "كۆمپانیاكانی ته‌له‌فزیۆن وه‌ك ئه‌م دۆخه‌ به‌رنامه‌كانیان كردووه‌ به خۆڕایی (فری) وه‌ك خزمه‌تگوزاری و به‌شێك له ‌هێڵه‌كانی ئینته‌رنێت بوونه‌ته‌ فری و خه‌ته‌كانیان خێرا كردووه‌ تا خه‌ڵك له‌ ماڵه‌وه‌ بێزار نه‌بن، ئه‌مانه‌ نیشانه‌ی هاوسۆزی و به‌شداریی هه‌موو لایه‌كه‌. جیا له‌وه‌ش، له‌ سه‌رتاسه‌ری یه‌كێتیی ئه‌وروپا ئاماده‌كاری كراوه. ئه‌وەیشی جێگای خۆشحاڵیه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان زوو ڕێكاری به‌هێزی گرته‌ به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی كوردستان تووشی ئه‌م حاڵه‌ته‌ نه‌بێت و ئێستا ژماره‌ی تووشبوو له‌ كوردستان كه‌مه و‌ له ‌خوار 100 حاڵەتەوه‌یه،‌ توندبوون له‌سه‌ر بڕیاره‌كان و كاتی كوردستان بۆ قه‌یرانی كۆرۆنا زۆر باش بوو، ئه‌گه‌ر ئێستا هه‌ستی پێ نه‌كه‌ین له ‌دواڕۆژدا به‌جوانی هه‌ستی پێ ده‌كرێت، وڵات هه‌یه‌ به ‌سه‌دان ساڵه‌ ده‌وڵه‌ته‌ و ئاستی ته‌ندوستییان زۆر به‌هێزه‌، كه‌چی هه‌رێمی كوردستان تا ئه‌م ساتەی کە‌ قسه‌ ده‌كه‌م زۆر باش بووه‌ و له‌ ئاستی نیوده‌وڵه‌تیدا ده‌ستخۆشیی لێ كراوه‌".

ئاژگه‌یی گوتیشی: "كۆرۆنا كاریگه‌ریی له‌سه‌ر سیسته‌می ئابووریی ئەو‌روپا ده‌بێت و ئه‌وروپای پیش كۆرۆنا و دوای كۆرۆنا وه‌ك یه‌ك نابن و جیاوازن، ئه‌مه‌ زۆر ڕوونه‌، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ ئەوەیە کە ئه‌م نه‌خۆشییه‌ تا چه‌ند درێژه‌ بكێشێت؟ و هیچ وڵاتێك وه‌ك خۆی نامێنێته‌وه‌. لە ‌یه‌كێتیی ئه‌رووپا له ڕووی ئابووری و له ڕووی بازرگانی و بابه‌ته‌كانی دیكەوە به ‌ده‌یانهه‌زار كه‌س بێكار بووه،‌ ئه‌م بێكارانه‌ ده‌بێ ده‌وڵه‌ت به‌خێویان بكات، بۆیه‌ ئه‌مانه‌ هه‌ڵسانه‌وه‌ی ئابوورییان ئاسته‌مه‌ و ئه‌وروپا سیسته‌می باجی هه‌یه،‌ وه‌ك وڵاتانی دیكه‌ نییه‌، نه‌وتی هه‌بێت بیفرۆشێت، بۆیه‌ ئه‌مه‌ خاڵی سه‌ره‌كیی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی وڵاتانی ئه‌وروپا بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزانن چی بكه‌ن کە كه‌مترین زه‌ره‌ر بكه‌ن".

کارزان هەورامی