رووسیا: "لە رێگەی مووشەکی ئێجگار ھەستیارەوە ١٤ پێگەی سەربازیی ئۆکرانیامان لەناو بردووە"
دیجیتال میدیای سپێدە
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ ئاشكرایكرد، لە رێگەی مووشەکی ئێجگار ھەستیارەوە لە ١٤ ئامانجی سەربازیی ئۆکرانیایان داوە.
ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ لە راگەیەندراوێکدا زانیاری لەسەر چالاکییەکانی سوپای رووسیا لە جەنگی ئۆکراینا بڵاوکردەوە.
کۆناشێنکۆڤ ئاماژەی بەوە کرد کە بۆ پێکانی ئامانجەکانی ئۆکراینا چەکی ئێجگار ھەستیاریان بەکارھێناوە و گوتی: "لە ماوەی یەک رۆژدا لە رێگەی مووشەکی ئێجگار ھەستیار لە ئاسمانەوە، لە ١٤ ئامانجی سەربازیی سەر بە ھێزە چەکدارەکانی ئۆکراینا دراوه. لە ئەنجامی ئەمەدا توانرا ناوەندێکی فهرماندهیی لە ناوچەی نیشتەجێبوونی پۆپاسنایا، دوو جبەخانە، دوو ناوچە کە سەرباز و ئۆتۆمبێلی سەربازی تێدا كۆكرابوویهوه و دوو ناوچەی پەناگەی نەژادپەرستەکان لەناو ببرێن".
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا باسی لەوەش کرد کە جبەخانەکانی شنورکی و سلاڤیانسک، شوێنی کۆبوونەوەی سەربازان و ئۆتۆمبیلی تەکنیکی سەربازی لە ناوچەکانی چەرکاسۆکێ و ئالیکساندرۆڤکا تۆبپاران کراون، نزیکەی ١٢٠ کەس و زیاتر لە ٣٠ زریپۆش و ئۆتۆمبیلی ھێزە نەژادپەرستەکان لەناو براون.
ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ جەختی لەوەش کردەوە کە یەکە تەکتیکییەکانی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی رووسیا لە ماوەی یەک رۆژدا ٦٤ پێگەی سەربازیی ئۆکراینایان پێکاوە و یەکەکانی مووشەک و تۆپھاوێژ ٤٥٠ ئامانجی سەربازییان تۆپباران کردووە.
ههروهها زانیاری ئەوەی بڵاوکردەوە کە سیستمی بەرگریی مووشەکیی ئاسمانیی رووسیا لە نزیک یەکەی نیشتەجێبوونی یاسۆنێ لە ناوچەی دۆنێتسک فرۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینایان خستووەتەخوارەوە و گوتی: " تاکو ئەمڕۆ ١٤٠ فڕۆکە، ١٠٦ ھێلیکۆپتەر، ٥١٢ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ٢٥٤ سیستمی بەرگریی مووشەکیی ئاسمانی، دوو ھەزار و ٤٢٢ تانک و زریپۆش، ٢٦٦ مووشهكهاوێژ، ھەزار ٥١ هاوهن و تۆپھاوێژ و دوو ھەزار و ٢٧٤ ئۆتۆمبیلی تایبەتی سەربازیی سوپای ئۆکراینا لەناو براون".