رووسیا: 11 ئامانجی سەربازی لە ئۆکراینا خاپوور کران
- گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری رووسیا، ئیگۆر کۆناشینکۆڤ: "لە ئاسمانەوە بە مووشەکی ورد و هەستیار ١١ ئامانجی سەربازى ئۆکراینامان خاپوور کرد".
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری رووسیا، ئیگۆر کۆناشینکۆڤ ئاماژەی بەوە کرد كه لە ئاسمانەوە بە مووشەکی ورد و هەستیار ١١ ئامانجی سەربازیان لە ئۆکراینا خاپوور کردووە.
لە روونکردنەوەیەکدا کۆناشینکۆڤ زانیاری دا سەبارەت بە چالاکی سەربازانی رووس لە جەنگی ئۆکراینادا.
کۆناشینکۆڤ زانیاری خستەڕوو سەبارەت بەو ئامانجانەی لە ئۆکراینا پێکاویانن و، باسی لەوە کرد کە یەکەی تاکتیکی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی رووسیا ٦٦ ئامانجی سەربازیان لەناوبردووە و، یەکەکانی تۆپهاوێژ و مووشەکهاوێژ هەزار و ٩٨ ئامانجیان پێکاوە.
هەروەها کۆناشینکۆڤ ئاماژەی بەوە کرد کە سیستهمەکانی بەرگریی ئاسمانی رووسیا لە ناوچەی خارکێڤ فڕۆکەیەکی جەنگی Su-25ی هێزەکانی ئاسمانیی ئۆکراینای خستووەتە خوارەوە و، لە یەک شەودا ١٥ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان تێکشکاندووە.
گوتیشی: 'لە یەک شەودا لە رێگەی مووشەکی ورد و هەستیارەوە کە هێزەکانی ئاسمانی و بۆشایی ئاسمانیی رووسی لە ئاسمانەوە ئاراستەی کرد ١١ ئامانجی سەربازی ئۆکراینا خاپوور کران'.
کۆناشینکۆڤ باسی لەوەیش کرد کە لە دەوری چێرنۆبایڤکا بە سیستهمی Pantsir-S دوو مووشەکی Toçka-U و سێ مووشەکی راجیمە کە سوپای ئۆکراینا ئاراستەی کردبوون لە ئاسماندا تێکشکێندراون و، گوتی: "تا ئەمڕۆ ١٤١ فڕۆکە، ١١٠ هێلیکۆپتەر، ٥٣٨ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ٢٦١ سیستهمی بەرگری ئاسمانیی، دوو ھەزار و ٤٧١ تانک و زریپۆش، هەزار و ٧٥ تۆپهاوێژ و هاوەن، دوو هەزار و ٣١١ ئۆتۆمبێلی تایبەتی سەربازیی سەربە سوپای ئۆکراینا تێکشکێندراون".
لەلایەکی دیکەوە، فەرماندەی هێزەکانی بەرگریی تیشک، کیمیایی و بایۆلۆجی سوپای رووسیا، ئیگۆر کیریلۆڤ باسی لەوە کرد کە زانیاریان لایە ئەمریکا بەمەبەستی تۆمەتبارکردنی سوپای رووسیا بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، بایۆلۆجی یان تاکتیکی ئەتۆمی لە ئۆکراینا سەرقاڵی ئامادەکاری هاندانە و، گوتی: 'ئەو پیلانە پەرەی پێدراوە'.
کیریلۆڤ ئەوەشی خستەڕوو کە پیلانی سیناریۆی جیاواز دادەڕێژن بۆ تۆمەتبارکردنی سوپای رووسیا، یەکێک لەوانەش بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و بایۆلۆجی بوو لەژێر ئاڵای ساختەدا لە کیێڤ و خارکێڤ کە زیانی گیانیی دەبێت لەنێو خەڵکدا.
هاوکات کیریلۆڤ باسی لەوە کرد کە ئەگەر لە ناوچەیەکی جەنگدا چەکی ئاسایی شکستیهێنا، ئەوا سیناریۆی "بەکارهێنانی چەکی کۆکوژ" دەکەنە رۆژەڤ، گوتیشی: 'بۆ شارەکانی سلاڤیانسک و کراماتۆرسک کە کراونەتە قەڵا بیر لە سیناریۆیەکی لەو شێوەیە کراوەتەوە'.