یەدەگی دراوی بیانیی عێراق بۆ ٧٠ ملیار دۆلار بەرزبوویەوە
دیجیتال میدیای سپێده
راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد مەزھەر ساڵح لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی فەرمیی ھەواڵی عێراق (واع) گوتی: "بانکی ناوەندی یەدەگی خۆی لە دراوی بیانی گەڕاندووەتەوە".
ساڵح، گوتیشی: "نرخی یەدەگەکان زیاتر لە ٧٠ ملیار دۆلاری تۆمار کردووە کە دەکاتە سێ ھێندەی ئەو قەرزە دەرەکییانەی کە دەبێت عێراق لە ماوەی ساڵەکانی ٢٠٢٢-٢٠٢٨ بیداتەوە".
راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد کە عێراق لە نێوان ساڵەکانی ٢٠٢٠-٢٠٢١ بەھۆی کێشمەکێشی نرخەکانی بازاری وزەی جیھانی و کەمبوونەوەی بەرھەمھێنانی نەوت لە دوای رێککەوتنەکانی (ئۆپێک +) و خراپبوونی خواستی جیھانی لەسەر نەوتی خام،رووبەڕووی کێشەی دارایی ببوویەوە.
بانکی ناوەندیی عێراق لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو ئەوەی راگەیاندبوو کە یەدەگی دراوی بیانی گەیشتووەتە ٦٤ ملیار دۆلار.
عێراق، دووەم گەورەترین بەرھەمھێنەری نەوتە لە نێو وڵاتانی رێکخراوی ئۆپێک و پشت بە سەدا ٩٧ی داھاتی نەوت دەبەستێت بۆ تەمویلکردنی بوودجەی ساڵانەی وڵاتەکە.