فراكسیۆنی یەكگرتوو پشتیوانی لەداواكاری كارمەندانی تەندروستی دەكات
ئەمڕۆ دوو شەممە لە شاری سلێمانی خۆپیشاندانی خۆبەخشانی سەرجەم بنكە و نەخۆشخانەكانی سنوری سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارە سەربەخۆكان دەستیپێكردەوەو فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامیش لەپەرلەمانی كوردستان پشتیوانی لەداواكاری كارمەندانی تەندروستی دەكات.
لەو بارەیەوە، د.شێركۆ جەودەت سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان بە كوردیوی ڕاگەیاند: لە هەرێمی كوردستان كێشەی كەمی و نەبوونی پارە بوونی نیە، بەڵكو كێشەی چۆنیەتی كۆكردنەوەو گەڕانەوەی بۆ خەزێنەی گشتی بوونی هەیەو ئەوەش دوو حزبەكەی دەسەڵات لێی بەرپرسن و لەماوەكانی ڕبردووشدا بە ئاشكرا یەكتریان لەسەر ئەو بابەتە تۆمەتبار كردووە.
هەروەها ووتیشی: ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان مەبەستی بێت دەتوانێت بە كۆكردنەوەو ڕێكخستنەوەی داهات و گەڕانەوەی بۆ خەزێنەی گشتی، كارمەندانی خۆبەخشی كەرتی تەندروستی دابمەزرێنن و كۆتایی بەو گرفتە بهێنن كە لەئێستادا بەهۆیەوە كێشەی بۆ ناوەندەكانی تەندروستی لە سنوری سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارە سەربەخۆكان دروست كردووە.
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان جەختیشیكردەوە: وەك فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامیی لەپەرلەمانی كوردستان پێشتریش چەندینجار هەوڵمان بۆ دامەزراندنی كارمەندانی خۆبەش و گرێبەست داوەو لە داهاتووشدا پشتگیری و پشتیوانی تەواو مافە ڕەواكانی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەبین.