وەزیرانی دەرەوە و بەرگری ئەمریکا لەگەڵ زێلێنسکی کۆبوونەوە
دیجیتاڵ میدیای سپێده
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن و وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ڵۆید ئۆستن لە شاری کیێڤ لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی کۆبوونەوە.
راوێژکاری نووسینگەی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا، ئالێکسی ئارەستۆڤیچ لە میانەی بەشداریکردنی لە پەخشی راستەوخۆی کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنیدا، باسی لەوە کرد کە بلینکن و ئۆستن، سەردانی کیێڤیان کردووە و رایگەیاند "ئەمڕۆ وەزیرانی ئەمریکا لە کیێڤن و لەگەڵ سەرۆکی وڵات (زێلێنسکی) کۆبوونەوە".
لە لایەکی دیکەشەوە راگەیاندنەکان بە پشتبەستن بە لێدوانی بەرپرسێکی نووسینگەی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا، هەواڵی ئەوەیان بڵاوکردووەتەوە کە بەهۆکاری ئەمنی ناوەڕۆکی سەردانەکە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکان بەشێوەیەکی بەرهەمدار بەڕێوەچوون.
سەردانەکەی بلینکن و ئۆستن لە کاتێکدایە کە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، بەردەوامە و چوونی بەرپرسانی باڵای ئەمریکا لەم کاتەشدا بۆ ئۆکرانیا، جێگەی سەرنجە.