ئێران: "هەرگیز ئامانج نەبووە پڕۆگرامی ئەتۆمی بۆ مەبەستی سەربازیی بەکاربهێندرێت"
دیجیتاڵ میدیای سپێده
دەزگای وزەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند، هەرگیز ئامانج نەبووە پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێران بۆ مەبەستی سەربازیی بەکاربهێندرێت.
دەزگای وزەی ئەتۆمی ئێران، کاردانەوەی بەرامبەر ئەو لێدوانەی جێگری سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی ئێران، عەلی موتەهەری نیشان دا کە گوتبووی "کاتێک سەرەتا پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێران دەستی پێ کرد، ئامانج لێی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی بوو".
بەرپرسێکی فەرمانگەکە کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی هەواڵیی نوورنیوز، باسی لەوە کرد کە گوتەکانی عەلی موتەهەری دوورن لە راستییەوە.
ئەو بەرپرسە گوتیشی: "پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێران، پڕۆگرامێکی ئاشتییانەیە و هیچ کاتێک ئامانج نەبووە بۆ مەبەستی سەربازیی بەکاربهێندرێت. لێدوانی کەسانی نابەرپرس لەم باریەوە بەهۆی نەبوونی زانیارییانەوە یاخود ئامانجی سیاسی تایبەتەوەیە".
بەرپرسەکەی فەرمانگەی وزەی ئەتۆمی ئێران، ئاماژەی بەوەش دا کە تۆمەتبارکردنی ئێران بە شاردنەوەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی، هەوڵی بەردەوامی چەندین ساڵەی دوژمنانیانە بۆ سنووردارکردنی پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێران کە هیچ کات نەیانتوانیوە بیسەلمێنن.
عەلی موتەهەری کە بە ناسنامەی بنەماخوازیی میانڕەو و رەخنەگر لە سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەوەی ئێران ناسراوە، دوێنێ لە لێدوانێکیدا رایگەیاندبوو "کاتێک سەرەتا دەستمان بە چالاکی ئەتۆمی کرد، ئامانجمان دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی و زیادکردنی هێزمان بوو، بەڵام نەمانتوانی ئەم بابەتە بەشاراوەیی بهێڵینەوە. لەلایەن گرووپێک کەسانی دووڕووەوە راپۆرتە نهێنییەکان ئاشکراکران".