هەواڵی کوردستان ئێستا

رەوتی سەدر: "ھیچ رێککەوتنێک لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگیی بۆ پێکھێنانی حکوومەت نەکراوە"

رەوتی سەدر:
رەوتی سەدر: "ھیچ رێککەوتنێک لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگیی بۆ پێکھێنانی حکوومەت نەکراوە"

2022-04-29 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

رەوتی سەدر بەسەرۆکایەتی موقتەدا سەدر، دوایین ھەڵوێستی خۆی سەبارەت بە رێککەوتن لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگیی شیعە بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق راگەیاند و ئاشکرای کرد کە ھیچ رێککەوتنێک لەم بارەیەوە نەکراوە.

سەرۆکی فراکسیۆنی سەدر لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، حەسەن عەزای لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ژمارەیەک لە دەزگاکانی راگەیاندن لێدوانی چەند سەرکردەیەکی چوارچێوەی ھامەھەنگیی بڵاوکراوەتەوە و تیایدا ئاماژە بە رێککەوتن لەگەڵ رەوتی سەدر کراوە بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق.

حەسەن عەزاری ئەو دەنگۆیانەی رەتکردووەتەوە و رایگەیاندووە ئەوە "درۆیە".

چوارچێوەی ھەماھەنگیی ھەریەک لە ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ھاوپەیمانی ھێزەکانی دەوڵەت، ھاوپەیمانی نەسر، ھاوپەیمانی فەتح (گرووپەکانی حەشدی شەعبی کە ھەندێکیان نزیکن لە ئێرانەوە) لەگەڵ بزووتنەوەی عەتا و حزبی فەزیلە لەخۆدەگرێت.

سەرۆکی فراکسیۆنی سەدر ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە ئامانج لە بەردەوامیی بڵاوکردنەوەی ئەو دەنگۆ ناڕاستانە بۆ درزخستنە ناو ھاوپەیمانی سێقۆڵیی (رزگارکردنی نیشتمان) لە نێوان رەوتی سەدر و ھاوپەیمانی سەروەریی و پارتی دیموکراتی کوردستانە.

لەمبارەیەوە حەسەن عەزاری رووی قسەکانی ئاراستەی ئەو کەسانە کردووە کە ئەو "دەنگۆ نا راستانە" بڵاودەکەنەوە و رایگەیاندووە "لێرەوە پێتان دەڵێین، ھاوپەیمانییەکە پتەوە و بەو جۆرە بانگەشانە تێک ناچێت" و داوایشی کردووە کە لە داھاتوودا ئەم جۆرە لێدوانانە بڵاونەکرێتەوە.

پێشتر رێبەری رەوتی سەدر مەڵەتی ٤٠ رۆژی دابوو بە چوارچێوەی ھەماھەنگیی بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ بە بەشداریی رەوتەکەی.

ھێزەکانی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگیی ھانی موقتەدا سەدر دەدەن رازی بێت بە بەشدارییکردنی رەوتەکەی بۆ پێکھێنانی حکوومەتی داھاتوو لەسەر بنەمای تەوافوق بەبەشداریی سەرجەم ھێزە براوەکانی ھەڵبژاردن کە لە رابردوودا بەناوی "پشک پشکێنە" لە عێراقدا پەیڕەو کراوە، بەڵام موقتەدا سەدر سوورە لەسەر پێکھێنانی حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانیی.