عەلەوی بۆ KDP: ئەم كابینەیە پێویستی بەلێكتێگەیشتنی عەرەب و كوردە
هەولێر-KDP.info- سیاسەتمەدار و رووناكبیری دیاری عێراقی حەسەن عەلەوی دەڵێ، كێشەی سەرەكیی عێراق هەر لە دامەزراندنییەوە ئەوە بووە، كە وڵاتێكی فرەنەتەوە ئایین و ئایینزا بووە و هەر ئایین و ئایینزایەكیش خۆیان بڕیاریان داوە، بێ ئەوەی بۆ پێكهاتەكانی تر بگەڕێنەوە.
حەسەن عەلەوی، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "هەر لە سەرەتاوە عێراق هاوشێوەی سووریا لەسەر بنەمای تایفی بنیات نرا، سەرەڕای هەبوونی پێكهاتەكانی دیكەی وەك كورد و شیعە و توركمان، ئەمەش چەندین كێشەی لێ كەوتەوە".
عەلەوی گوتیشی: "عێراق ئێستاش لەسەر هەمان رێكچە دەڕوا، بە تایبەت لە دوای ٢٠٠٣ شیعەكان دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست و مافی كورد و سوننە و توركمانیان لەبیر كردووە".
ناوبراو ئاماژەشی دا: "سەرەتا كورد لە دوای ٢٠٠٣ بەهێز بوون، بەڵام كابینە دوای كابینە بێهێز كران و كاریگەرییان كەمتر بوو، دەشڵێ: "پێویستە پێكهێنانی ئەم كابینەیە لەسەر بنەمای لێكتێگەیشتن بێ لە نێوان هەردوو نەتەوەی سەرەكی لە وڵاتدا، كە ئەوەش لە دەستووردا ئاماژەی بۆ كراوە، كە ئەوانیش عەرەب و كوردن و، پێویستە لە نێو ئەوانیشدا پشكی پێكهاتە ئایینییەكانیش لە بەرچاو بگیرێت".
كاروان باعەدری