ژیانی بوونەوەرە دەریاییەکان لەژێر گەورەترین هەڕەشەی لەناوچووندایە
زانایان هۆشداریی دەدەن لەوەی بەهۆی گەرمبوونی گۆی زەوی و گۆڕانی ئاو و هەواوە ژیانی بوونەوەرە دەریاییەکان لەژێر گەورەترین هەڕەشەی لەناوچووندایە.
بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی (The Guardian) زانایان هۆشدارییان داوە لەوەی بەهۆی کاریگەرییەکانی گەرمبوونی گۆی زەوی و گۆڕانی ئاو و هەواوە "کارەساتی گەورە بەڕێوەیە" کە رەنگە ببێتە هۆی لەناوچوونی لە سەدا ٩٧ی جۆری بوونەوەرە دەریاییەکان.
زانایان هەروەها ئاماژە بەوە دەکەن رەنگە گەرمبوونی گۆی زەوی گۆڕانکارییەکی گەورەی زەریاکان بەدوای خۆیدا بهێنێنت و هاوشێوەی ئەو کارەساتەی پێش ٢٥٠ ملیۆن ساڵ روویداوە هەڕەشەی جیددی لەسەر لەناوچوونی بوونەوەرە دەریاییەکان دروست ببێت.
لە ئەنجامی توێژینەوەکاندا زانایان بۆیان دەرکەوتووە زەریاکان کە نزیکەی لە سەدا ٨٠ی ئۆکسجینی جیهان بەرهەمدەهێنن، بەهۆی گەرمبوونی گۆی زەوی، گۆڕانی ئاو و هەوا، پیسبوون و کاریگەری راوکردنی لەرادەبەدەر، بوونەوەرە ئاوییەکان لەناو دەچن و ئۆکسجینی جیهانیش لە مەترسیدایە.
هەروەها ئەوەش ئاشکرا کراوە رێژەی لەناوچوونی ئۆکسجین لە زەریاکاندا لە ساڵی ١٩٦٠ەوە تا ئێستا چوار هێندە زیادی کردووە کە بە هۆیەوە ژیانی بوونەوەرە دەریاییەکان کەوتووەتە ژێر هەڕەشەی لەناوچوون.
زانایان بانگەشەی ئەوە دەکەن تەنانەت لە ئەگەری پابەندبوون سەرکردەکان بەو پەیماننامانەی لەبارەی ئاو و هەواوە واژوو کراوە، تاوەکو کۆتایی ئەم سەدەیە نزیکەی لەسەدا چواری دوو ملیۆن جۆر لە بوونەوەرە ئاوییەکان لەناو دەچن.
پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەکەن بەهۆی زیادبوونی ترشێتیی ئاوی دەریاکانەوە زیندەرەوانی دەریایی وەکو رۆبیان و گوێچکەماسی و هاوشێوەکانیان ناتوانن بەپێی پێویست قاوغ دروست بکەن.
لەکاتێکدا گەرمبوونی گۆی زەوی، گۆڕانی ئاو و هەوا، پیسبوون و کاریگەری راوکردنی لە رادەبەدەر لە زیابووندایە، بە گوێرەی زانیارییەکانی یەکێتیی پاراستنی سرووشتی جیهان لە ئێستادا لە سەدا ١٠-١٥ی جۆرەکانی بوونەوەرە دەریاییەکان مەترسی لەناوچوونیان لەسەر.