داواکاری گشتی: چەندین کەس بەھۆی شکاندنی بڕیارەکانی حکوومەتەوە دەستگیر کراون
ههولێر -KDP.info- بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی ترس و شکاندنی بڕیارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، داواکاری گشتی لێپرسینەوەی لەگەڵ دەیان کەس کردووە. گوتەبێژی داواکاری گشتیش دەڵێ، چەندین کەس بەھۆی سەرپێچیەوە دەستگیر کراون.
دادوەر پشتیوان سمکۆ، گوتەبێژی داواکاری گشتیی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لەوەتەی حکوومەت ھەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای ڕاگەیاندووە، سەرەڕای ئەوەی پشووی فەرمیە، بەڵام لیژنەی مافی گشتیی داواکاری گشتی بەردەوام لە ئەرکدا بووە بۆ ئەوەی چاودێریی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی حکوومەت بکات و ھەر کەسێک سەرپێچی بکات، لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت."
گوتەبێژی داواکاری گشتی گوتی: "تا ئێستا لێپرسینەوە لەگەڵ دەیان کەس کراوە، لێپرسینەوەکانیش دوو جۆرن؛ یەکێکیان ڕاستەوخۆ سکاڵای لەسەر تۆمار دەکرێت و دەدرێتە دادگا، ئەوی دیکەیان لە ڕێگەی دەزگا پەیوەندیدارەکانەوەیە، چونکە کەسێک سەرپێچی دەکاتە سەر مافی گشتی، ئێمە سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەین، بەڵام دەبینین گردبوونەوەی خەڵک قەدەغەیە و سەدان کەس گردبوونەتەوە، ھەموویان ناگیرێن، بەڵکو ئەوەی بووەتە ھۆکار، لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت."
دادوەر پشتیوان سمکۆ جەختی کردەوە: "داواکاری گشتی لەسەر خەتە بۆ ھەر سەرپێچیەک و ڕۆژانی ڕابردوو چەندین کەس بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی پڕۆپاگندە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و شکاندنی بڕیارەکانی حکوومەت و سووکایەتی بە ئایین و چەندین سەرپێچیی دیکە، دراونەتە دادگا و ژمارەیەک کەسیش دەستگیر کراون."
دادوەر پشتیوان سمکۆ دەڵێت: "داوا لە ھاووڵاتیان دەکەین خۆیان دوور بگرن لە ترساندنی کۆمەڵگە و بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروست لەبارەی ڕەوشی ئێستا و ڤایرۆسی کۆرۆنا، چونکە سەرپێچیکاران سزای یاسایی دەدرێن."
قائید میرۆ