هەواڵی کوردستان ئێستا

روسیا چەند ناوچەیەکی ھەستیاری ئۆکرانیایی کردە ئامانج

روسیا چەند ناوچەیەکی ھەستیاری ئۆکرانیایی کردە ئامانج
روسیا چەند ناوچەیەکی ھەستیاری ئۆکرانیایی کردە ئامانج

2022-05-04 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ ئاشكرای كرد، لە شاری لڤیڤ و چەند ناوچەیەکی دیکە بە مووشەکی ئێجگار هەستيار شەش ناوەندی تەزووگۆڕ لە چەند وێستگەیەکی شەمەندەفەر کرانە ئامانج.

ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ لە راگەیەندراوێکدا نوێترین زانیاری لەبارەی چالاکییەکانی سوپای رووسیا لە جەنگی ئۆکراینا بڵاوکردەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد هێرشەکانی سوپای رووسیا لە ئۆکراینا بەردوامییان هەیە و گوتی: "بە چەکی دوورمەودای ئێجگار هەستیار لە نزیک وێستگەی شەمەدەفەری لڤیڤ، پۆدبۆرس، ڤۆلۆلینتس، تیمکۆڤۆ، پیاتیهاتکا شەش ناوەندی تەزووگۆڕمان کردە ئامانج".

کۆناشێنکۆڤ ئەوەشی خستەڕوو کە هێزی بەرگریی ئاسمانیی رووسیا لە نۆڤۆیا دمیترۆڤکا بە مووشەکی ئیجگار هەستیار سیستمێکی تاکتیکی مووشەکیی Toçka-Uیان کردووەتە ئامانج. هەروەها لە ناوچەکانی سانسیکا، کریسینۆ و ڤۆلنۆیانسک سێ سیستەمی بەرگریی مووشەکی جۆری S-300 و نۆ شوێن لەناوبران کە جبەخانە و ئۆتۆمبێلی تەکنیکی سەربازی تێدا كۆكرابوویه‌وه‌.

ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ جەختی لەوەش کردەوە کە یەکە تەکتیکییەکانی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی رووسیا دوێنێ شەو ٤٠ پێگەی سەربازیی ئۆکراینایان پێکاوە و یەکەکانی تۆپھاوێژ نۆ فڕۆکەی بێفرۆکەوان و چوار سیستەمی مووشەکی جۆری سمیرچ و دوو کۆگای سوتەمەنی پێکاوە.

ناوبراو گوتیشی: "تا ئەمڕۆ ١٤٦ فڕۆکە، ١١٢ ھێلیکۆپتەر، ٧٠٦ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ٢٨٧ سیستمی بەرگریی مووشەکیی ئاسمانی، دوو ھەزار و ٨٠٧ تانک و زریپۆش، ٣٢١ مووشه‌كهاوێژ، ھەزار و ٢٧٩ هاوه‌ن و تۆپھاوێژ و دوو ھەزار و ٦٠٩ ئۆتۆمبیلی تایبەتی سەربازیی سوپای ئۆکراینا لەناو براون".