فەڵەستین داوا دەکات لە بەرامبەر ھەڵکشانی گرژی و ئاڵۆزییەکان فشار بخرێتە سەر ئیسرائیل
حکوومەتی فەڵەستین بانگەوازی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات دژ بەو پەلامارانەی بۆسەر فەڵەستینییەکان دەستی پێکردووە، کاردانەوە بەرامبەر بە ئیسرائیل نیشان بدات و بێدەنگ نەبێت لە ئاست ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی بەم دواییە لە ناوچەکە روویاندا.
وەزارەتی دەرەوەی فەڵەستین لە راگەیەندراوێکدا ئیدانەی پێشێلکارییەکانی هێزەکانی ئیسرائیلی بۆسەر خاکی وڵاتەکەی و پەلامارەکانی جوولەکە دامارگیرەکانی بۆسەر مزگەوتی ئەقسا کرد.
هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "وێرانکارییەکانی ئیسرائیل لە خاکی فەڵەستین، هەڵکێشانی دار زەیتوونەکانی ناوچەکە و پەلاماردانی ئاژەڵدار و شوانەکان بەشێکن لەو پێشێلکاریانەی بەرامبەر بە فەڵەستینییەکان ئەنجام دەدرێن. بەردەوام بوونی ئەو پێشێلکارییانەش نیشانەی هەڵکشانی گرژی و ئاڵۆزییەکان و پێداگری ئیسرائیل-ە لە داگیرکردنی خاکی فەڵەستین".
لە راگەیەندراوەکەدا حکوومەتەکەی نەفتالی بینیت تۆمەتبار کراوە لە بەرامبەر زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکان و بۆ وەستاندنی توندوتیژییەکان داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کراوە فشار بخاتە سەر حکوومەتی ئیسرائیل.
جێگەی باسە گروپێک لە جوولەکە دەمارگیرەکان بانگەوازی ئەوەیان کردووە سبەی بەبۆنەی "رۆژی سەربەخۆیی ئیسرائیل" هێرش بکرێتە سەر مزگەوتی ئەقسا.
رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستین لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوی کردووەتەوە هەڵکردنی ئاڵای ئیسرائیل و گوتنەوەی سروودی نیشتیمان لەلایەن جوولەکەکان لە حەڕەمی شەریف بەواتای تیندانی فەڵەستینییەکان و موسڵمانانی ناوچەکە دێت کە ئەمەش گرژی و ئاڵۆزی لێدەکەوێتەوە.
- بە درێژایی مانگی رەمەزان گرژی و ئاڵۆزییەکان لە مزگەوتی ئەقسا بەردەوامییان هەبوو
لە ١٥-٢٢ی نیسان جموجۆڵی هێزەکانی ئیسرائیل لە مزگەوتی زیادی کرد. دوای ئەوەی پۆلیسی ئیسرائیل لە ١٥ی نیسان هێزیان دژی هاووڵاتییانی فەڵەستینی بەکارهێنا، کاردانەوەی فەڵەستیینەکان لە زۆربەی ناوچەکانی وڵاتەکە بینرا. بەهۆی ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی لە مزگەوتی ئەقسا روویاندا ٢٠٠ فەڵەستینی برینداربوون و نزیکەی ٥٠٠ی دیکەش لە لایەن پۆلیسی ئیسرائی قۆڵبەست کران.
حکوومەتی ئیسرائیل چەندین جار بەرگری لەوە کردبوو کە مزگەوتی ئەقسا یەکێکە لەو شوێنە هەرە گرینگانەی کە جگە موسڵمانانی بۆ پەیڕەوانی ئاینەکانی دیکەش جێگەی بایەخە.