هەواڵی کوردستان ئێستا

لە دھۆک ڕێوشوێنی توند گیراوەتەوە بەر بۆ پێشگرتن لە تەشەنەکردنی کۆرۆنا"

لە دھۆک ڕێوشوێنی توند گیراوەتەوە بەر بۆ پێشگرتن لە تەشەنەکردنی کۆرۆنا
لە دھۆک ڕێوشوێنی توند گیراوەتەوە بەر بۆ پێشگرتن لە تەشەنەکردنی کۆرۆنا"

2020-03-19 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


دهۆک-KDP.info -  سەرەڕای گرتنەبەری ڕێوشوێنی خۆپارێزی، حاڵەتێکی کۆرۆنا لە پارێزگای دھۆک تۆمار کرا، ھاووڵاتیانی دھۆک پابەندبوونی خۆیان بە ڕێنماییەکانی حکوومەت دووپات دەکەنەوە و، پارێزگاری دھۆکیش دەڵێ، ئەو کەسەی کۆرۆنای ھێناوەتە دھۆک لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.

دکتۆر نەوزاد ھێتوتی، مامۆستای زانکۆ، پێی وایە خەڵکی دھۆک بەباشی پابەندی ڕێنماییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "ھەتا لەگەڵ ئەوەم پێویست نەبوو لە دھۆک قەدەغەی ھاتوچۆ ڕابگەیەنین، چونکە ھاووڵاتیان پابەندی ھەموو ڕێنماییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ئەو ڕێوشوێنانەی گیراونەتە بەر تا ڕادەیەکی زۆر ڕێگر بوون لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا."

دکتۆر نەوزاد ھێتوتی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "دەبووایە ئیدارەی دھۆک زیاتر سنوورەکانی دھۆک لەگەڵ پارێزگاکانی دیکە و وڵاتی تورکیا توند بکات، چونکە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دەرەوەی دھۆک ھاتووەتە نێو شار و دەرکەوت خەڵکی بە ھەر شێوەیەک بێت دێنە ناو پارێزگای دھۆک، ئەوەش زیانی ھەیە بۆ ڕەوشی ئێستای دھۆک، لەبەر ئەوەی پێویستە ڕێوشوێنی توندتر بگیرێتەبەر."

ڕۆژنامەڤان قەیس ئیسماعیل بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "قەدەغەی ھاتوچۆ لە پارێزگای دھۆک کارێکی باش بوو لەلایەن حکوومەتی خۆجێی دھۆکەوە، چونکە خەڵکێک ھەیە پابەندی ڕێنماییەکانی تەندروستی نابێت بۆ خۆپارێزی و دھۆک شارێکی بچووکە بەراورد بە شارەکانی دیکە، ھەر بڵاوبوونەوەیەکی ڤایرۆسەکە زوو تەشەنە دەکات، بەڵام ئەگەر ھاتوچۆ قەدەغە بێت بێگومان بە کەمترین زیان لێی دەردەچین."

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دھۆک لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە وێنەیەکی گەیشتووەتە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان و تێیدا ھاتووە: "بەردەوام بەدواداچوون و پشکنین بۆ ھاووڵاتیان ئەنجام دەدرێت و  لە ئەنجامی پشکنینی ھاووڵاتیەکی تەمەن ٥٠ ساڵ دەرکەوتووە ھەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنای کۆڤید ١٩یە، ھاووڵاتیەکە لە وڵاتی ئەڵمانیا گەڕاوەتەوە و ئێستا ڕەوشی تەندروستیی جێگیرە و خراوتە ژێر چاودێریەوە."

فەرھاد ئەترووشی، پارێزگاری دھۆک دەربارەی تۆمارکردنی یەکەم حاڵەتی کۆرۆنا لە دھۆک ڕایگەیاند: "ھەوڵی زۆرمان دا دھۆک لە کۆرۆنا بپارێزین و حکوومەت ھەموو ڕێوشوێنێکی پێویستی گرتووەتە بەر، شەوی ڕابردوو قەدەغەی ھاتوچۆ جێبەجێ کرا، بەڵام بەداخەوە کەسێک لە وڵاتی ئەڵمانیا گەڕاوەتەوە و دوای پشکنین دەرکەوت ھەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنایە، پێویستە لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو ھاووڵاتیەدا بکرێت کە بۆچی خۆی کەرەنتین نەکردووە."

قائید میرۆ