هەواڵی کوردستان ئێستا

لێكۆڵینەوەیەكی جیهانی: پێدەچێت دەسەڵاتدارانی هەرێم رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمانیان كوشتبێت

لێكۆڵینەوەیەكی جیهانی: پێدەچێت دەسەڵاتدارانی هەرێم رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمانیان كوشتبێت
لێكۆڵینەوەیەكی جیهانی: پێدەچێت دەسەڵاتدارانی هەرێم رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمانیان كوشتبێت

2022-05-04 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

له‌ یادی 12 ساڵه‌ی كوشتنی رۆژنامه‌نووس سه‌رده‌شت عوسمان، لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی، كه‌ سێ رێكخراوی به‌ناوبانگی جیهان ئه‌نجامیانداوه‌، ده‌ڵێت ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد "پێده‌چێت راسته‌وخۆ به‌شداربووبن" له‌ كوشتنی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ 23 ساڵانه‌دا، رۆژێك دوای رۆژی ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری جیهانی.

راپۆرته‌ 43 لاپه‌ڕه‌ییه‌كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌لایه‌ن جیهانێكی ئارامتر بۆ ڕاستی بڵاوكراویه‌وه‌. جیهانێكی ئارامتر بۆ ڕاستی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی هاوبه‌شی چاپه‌مه‌نی ئازادی بێسنوور و لیژنه‌ی داكۆكیكردن له‌ رۆژنامه‌نووسان و په‌یامنێرانی بێ سنووره‌.

به‌پێى ده‌نگى ئه‌مریكا، له‌ راپۆرته‌كدا نوسراوه‌، " ئه‌م ڕاپۆرته‌ كه‌موكوڕییه‌كی زۆر له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی فه‌رمی له‌ ڕفاندن و تیرۆركردنی سه‌رده‌شت ئاشكرا ده‌كات و ئه‌و بانگه‌شه‌ باوه‌ڕپێكراوانه‌ ده‌خاته‌ڕوو كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد ڕاسته‌وخۆ به‌شداربوون له‌و كوشتنه‌دا."

راپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێت لێكۆڵینه‌وه‌كه‌یان پشتی به‌ستووه‌ به‌ چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ ده‌یان شایه‌تحاڵ، فایل و لێدوانی فه‌رمی و پێداچوونه‌وه‌ به‌ وێنه‌ی سه‌ته‌لایتی و به‌ڵگه‌ی فۆتۆگرافی و ئامانجیان "وردبینیكردن بوو له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ فه‌رمییه‌كه‌ و ئاشكراكردنی ئه‌نجامی نوێ سه‌باره‌ت به‌ كوشتنی سه‌رده‌شت."

ته‌رمی سه‌رده‌شت له‌ رۆژی 6/5/2010 دۆزرایه‌وه‌، دوو رۆژ دوای ئه‌وه‌ی له‌ به‌رده‌م كۆلێژه‌كه‌ی له‌ هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان ڕفێنرا و ئاسه‌واری فیشه‌ك به‌سه‌ریه‌وه‌ دیاربوو.

له‌كاتێكدا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رێكخراوی ئه‌نسارولئیسلامی به‌ كوشتنی سه‌رده‌شت تۆمه‌تباركرد، ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌ تازه‌یه‌ ئاشكرای ده‌كات كه‌ سه‌رده‌شت پێده‌چێت به‌هۆی گوتارێكه‌وه‌ كوژرابێت كه‌ ساڵێك پێشتر نوسیبووی و تیایدا ره‌خنه‌ی له‌ سه‌رۆكی پێشووی هه‌رێم، مه‌سعود بارزانی گرتبوو.