جوولەکە دەمارگیرەکان بە بیانووی رۆژی سەربەخۆیی ئیسرائیل هەڵیانکوتایە سەر مزگەوتی ئەقسا
بە پشتیوانی پۆلیسی ئیسرائیل، بە سەدان جوولەکەی دەمارگیر بە بیانووی رۆژی سەربەخۆیی ئەو وڵاتە، چوونە گۆڕەپانی مزگەوتی ئەقسا.
بەر لەوەی جوولەکەکان هەڵبکوتنە سەر گۆڕەپانی مزگەوتەکە بە دەیان پۆلیسی ئیسرائیل لە چواردەورەی مزگەوتەکە جێگیر کران بۆ ئەوەی بەرلە فەڵەستینییەکان بگرن لە چوونە ژوورەوەیان بۆ ناو مزگەوتەکە.
پۆلیسی ئیسرائیل بەرلە چوونە ژوورەوەی جوولەکە دەمارگیرەکان، بە بۆمبی گازی و فیشەکی پلاستیکی هێرشیان کردە سەر ئەو موسڵمانانەی لەناو مزگەوتەکە خەریکی پەرستش بوون.
پۆلیسەکان ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی فەڵەستنییان بە زۆر لە مزگەوتی قیبلی کە دەکەوێتە ناو مزگەوتی ئەقسا، بەند کرد و دەرگاکانی مزگەوتەکەیان داخست.
دوێنی گرووپی جوولەکە دەمارگیرەکان بانگەوازی ئەوەیان کردبوو بەبۆنەی رۆژی سەربەخۆیی ئیسرائیل هێرش بۆسەر مزگەوتی ئەقسا رێک دەخەن و ئاڵای ئیسرائیل لە مزگەوتەکە هەڵدەکەن و سروودی نیشتمانیی دەڵێنەوە.
لە بەرامبەر ئەمەدا، چالاکوانە فەڵەستینییەکان و زانایانی ئایینی داوایان لە موسڵمانانی فەڵەستین کردبوو سەردانەکانیان بۆ مزگەوتەکە زیاد بکەن و لەوێ ئامادە بن.