هەواڵی کوردستان ئێستا

وه‌زیری بازرگانی: له‌ كوردستان هیچ كێشه‌یه‌كی كه‌میی خۆراكی نابێت

وه‌زیری بازرگانی: له‌ كوردستان هیچ كێشه‌یه‌كی كه‌میی خۆراكی نابێت
وه‌زیری بازرگانی: له‌ كوردستان هیچ كێشه‌یه‌كی كه‌میی خۆراكی نابێت

2020-03-19 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هه‌ولێر-KDP.info -  حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌ مه‌به‌ستی ڕێگری له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا ته‌واوی ده‌روازه‌كانی هاتوچۆ و بارزرگانیی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی ئێران و توركیا توندوتۆڵ كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هاورده‌ی كاڵاكان به‌تایبه‌ت مادده‌ی خۆراك و ته‌ندروستی و پاكکه‌ره‌وه‌ به‌رده‌وامه. وه‌زیری بازرگانی ده‌ڵێ، هیچ كه‌میه‌كی خۆراك له ‌بازاڕه‌كانی كوردستان ڕوو نادات.

كه‌مال موسلیم، وه‌زیری بازرگانی و پیشه‌سازیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "هاورده‌ی ته‌واوی مەواده‌كان له‌ وڵاتانه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌، به‌تایبه‌ت ئێستا ئێمه‌ وه‌ك حكوومه‌ت ته‌ركیزمان له‌سه‌ر خۆراك و پێداویستیی ته‌ندروستی و مەواده‌ پاككه‌ره‌وه‌كانه و ڕۆژانه‌ هاورده‌ ده‌كرێن."

كه‌مال موسلیم گوتی: "پێداویستییه‌كانی ڕۆژانه‌ی هاووڵاتیان هاورده‌ ده‌كرێت له‌ژێر چاودێرییەكی چڕی پشكنیندا، بازاڕه‌كانی كوردستان هیچ كه‌مییه‌كی خۆراك و پێداویستییه‌كانی تری تێدا نییه‌ و ناشبێت، به‌رده‌وامیش هاورده‌كردن هه‌یه‌".

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بڕی پێویستی خۆراك له‌ بازاڕه‌كان هه‌یه‌، ئه‌و خۆراكه‌ی مانگانه‌ش له‌ ڕێ بریكاره‌كانه‌وه‌ به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا دابه‌ش ده‌كرێت، به‌رده‌وامه‌.

عه‌زیز ڕه‌سووڵ