وەزارەتی تەندروستی عێراق رێوشوێنی تایبەت بۆ بەرەنگاربونەوەی تای خوێنبەربوون دەگرێتە بەر
دیجیتاڵ میدیای سپێده
بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای تای خوێنبەربوون، وەزارەتی تەندروستی عێراقی چەند بریارێکی نوێیدا.
لە چەند پارێزگای عێراقی توشبوون و گیان لەدەستدان بە پەتای خوێنبەربوون تومارکراوە، ئەمرۆ هەینی یەکەم حاڵەتی گیان لەدەستدان بەو پەتایە لە کەرکوک تومارکرا، وەزارەتی تەندروستی عێراقی چەند رێوشوێنی تایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە رادەگەنێت.
بەپێی بریارەکانی وەزارەتی تەندروستی عێراقی، گواستنەوەی ئاژەڵان لەپارێزگاکانی پەتای خوێن بەربوون تێیدا تۆمارکراوە قەدەغە دەکرێت، هەروەک لەناو خودی پارێزگاکەش گواستنەوە بۆ ئەو ناوچانەی توشبوون تێیدا تومارکراوە بو ماوەی 14 رۆژ رادەگیرێت.
هەروەک تەندروستی عێراقی بریاری داوە بە پشکنینی ئەو ئاژەڵانەی هاوردەی عێراق دەکرێت و تا دیاربوونی سەلامەتیبونیان ئەو ئاژەڵانە کەرەنتین دەکرێن.
پەتای خوێن بەربوون پەتایێکی مەترسیدارە رێژەی مردن پێ دەگاتە 45%، لە گۆشتی ئاژەڵانهوه بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، و لە مرۆڤیش بۆ مرۆڤ لەرێی خوێن و بەکارهێنانی ئامێری یەکتر دەگوازرێتەوە، ئەم پەتایە بە هەناسە ناگوازرێتەوە.