مەحمود مەشهەدانی: بهعسیهكان خۆییان بۆ گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی عێراق ئامادە دەكهن
دیجیتال میدیای سپێده
سەركردەیەكی سوننە، كە سەرۆكی پێشووتری پەڕلەمانی عێراق بووە ئاشكرای دەكات، كە ڕەغدی كچی سەدام حسێن خۆی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق و گەڕانەوە بۆ كورسی دەسەڵات ئامادە دەكات.
میدیا عێراقییەكان بڵاویان كردوهتهوه كه مەحمود مەشهەدانی، سەركردەی سوننە و سەرۆكی پێشووتری پەڕلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، ئێستا بانگەشە بۆ شكستی سیستمی سیاسی عێراق دەكرێت و وەك دەوترێت بەتەواوی تووشی ئیفلیج بوون بووە و لەبەرامبەر ئەوەشدا بانگەشە بۆ گێڕانەوەی بەعسیەكان لەڕێی ڕەغدی كچی سەدام حسێن-ەوە دەكرێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەوانەی كار دەكەن بۆ گێڕانەوەی بەعس دەڵێن، پێشتر كێشە لە سەركردایەتی سیاسی بەعس بووە، نەك فكر و خودی حیزبی بەعس، بۆیە داوادەكەن دەرفەتیان پێبدرێت بەشداری پڕۆسەی سیاسی عێراق بكەنەوە بەشێوەیەكی دیموكراتی نەوەك ئەوەی پێشوو كراوە لە دروستكردنی دەسەڵاتێكی تۆتالیتاری و نا دیموكراتی.
وەك میدیا عێراقییەكان بڵاویانكردۆتەوە، مەشهەدانی دەشڵێت: "بەعسیەكان ئێستا ویستیان هەیە لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق بەشداری بكەن، منیش پێم وایە باشترە دەرفەت بەهەمووان بدرێت مادەم دیموكراتیەت هەیە، بەتایبەت ئێستا هێزە داگیركەرەكانی عێراق لە وڵات نەماون".